ناس کورد-
بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکی غازەوە کارەبای سەرجەم وڵاتی سوریا کوژایەوە و وەزیری نەوتی وڵاتەکەش دەڵێت، تەقینەوەی بۆری غازەکە بەهۆی هێرشی تیرۆریستی بووە.
ئاژانسی فەرمیی "سانا"ی سەر بە حکومەتی سوریا لەزاری عەلی غانم، وەزیری نەوت و سامانە سروشتییەکانی سوریا ڕایگەیاند "هێڵی بۆری سەرەکی غاز لە نێوان زەمیر و وەعەدرا لە شاری دیمەشق لە کردەوەیەکی تیرۆرستیدا تەقێنرایەوە".
وەزیری نەوتی سوریا ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە کارەبای سەرجەم وڵاتەکە کوژاوەتەوە و ئەو کەرتەی غازی پەکخستووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەوە دروست بوو.
لەلایەکی دیکەوە محەمەد زەهیر، وەزیری کارەبای سوریا ڕایگەیاند، لەئێستادا کارەبای بەشێک لەشارەکان و ناوەندی شاری دیمەشق هەڵکراوەتەوە و لە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەی بۆری غازەکە و هەڵکردنەوەی کارەبای سەرجەم شار و ناوچەکانی دیکەش.
ئەوە بۆ دووەمجارە کارەبای گشتی لە سوریا دەکوژێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2013شدا بەهۆی بۆردومانی تیرۆرستانەوە بۆری غازى ئەو وڵاتە تەقینرایەوە.