گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’لەساڵی 2030 بەدواوە خواستی جیهان لەسەر نەوت کەمدەبێتەوە’

وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت لەئێستاوە بەدواى وزەى جێگرەوەدا بگەڕێین 

2020.08.24 - 09:57
وەزیری نەوتی عێراق: دەبێت لەئێستاوە بەدواى وزەى جێگرەوەدا بگەڕێین 

ناس کورد-

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ واشنتۆن لەڕووی ئابورییەوە سەرکەوتووبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، لەساڵی 2025 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەگات بەحەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

 

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان ڕایگەیاند "سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن لە ڕووی ئابورییەوە بەرهەمداربوو".

 

وتیشی :"لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و بڕیاریشە ئەو ڕێژەیە لەساڵی 2025دا بەرزبێتەوە بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

 

ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت عێراق لە ئێستاوە بەدوای وزەی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە لەساڵی 2030 بەدواوە خواستی جیهان لەسەر نەوت کەمدەبێتەوە".

 

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەکرد "عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئەمریکی کردووە لە بواری نەوتدا و پلانیان هەیە لەماوەى داهاتوودا لەکێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای زیقار ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە بۆ ملیۆنێک بەرمیل لەڕۆژێکدا".

 

وەزیرى نەوتى عێراق جەختى کردەوە، پلانیان هەیە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا مەشق وڕاهێنان بەگەنجانی پارێزگای زیقار بکەن بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ کارکردن لە کەرتی نەوتی پارێزگاکەیان کە ئەوەش وادەکات ڕێژەی بیکاریی لەو شارەدا کەمبێتەوە.

 

ئیحسان عەبدولجەبار رونیکردەوە، پڕۆژەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە عێراق بەڕێژەی لە 80% تەواوبوون و بەهاتنی ساڵی 2025 هیچ بڕە گازێک لەعێراقدا ناسوتێنرێت و بەفیڕۆش ناڕوات.