گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند مانگێکە لەهەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت

دۆناڵد ترەمپ بەکارهێنانی چارەسەرێکی کۆرۆنای لە ئەمریکا ڕاگەیاند

2020.08.24 - 09:39
دۆناڵد ترەمپ بەکارهێنانی چارەسەرێکی کۆرۆنای لە ئەمریکا ڕاگەیاند

ناس کورد-

لەدوای هەوڵدانێکی زۆر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کۆرۆنا لەلایەن دەزگا تەندروستییەکانی ئەمریکاوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا وەک چارەسەر بەکاردەهێنن و داواشى کرد چاکبووانی ڤایرۆسەکە پلازما بە توشبووانی دیکە ببەخشن.

 

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "دامەزراوەی خۆراک و دەرمان سەرکەوتوو بووە لەوەی پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنا وەک چارەسەر بۆ توشبووانی دیکە بەکاربهێنرێت و لەمەودوا پلازمای خوێنی توشبووان وەک چارەسەر بەکاردەهێنن".

 

وتیشی: "چارەسەرەکە زۆر کاریگەر و تەندروستیشە، دەشبێتە سەرەتایەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی".

 

دۆناڵد ترەمپ، داواشی لەو هاووڵاتییە ئەمریکیانە کرد کە کۆرۆنایان تێپەڕاندووە و چاکبوونەتەوە، بچن پلازمای خوێن ببەخشن بۆ چارەسەری توشبووانی دیکە.

 

هاوکات ئەلێکس ئازار، وەزیری تەندروستیی ئەمریکا ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد لەوەی هەوڵێکی زۆری داوە لەگەڵ دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بەو چارەسەرە.

 

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ستیڤن هان، سەرۆکی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا بەڵێنیدا کاربکەن تا بەزووترین کات چارەسەرێکی سەرەکی بۆ کۆرۆنا بدۆزنەوە و  ڕاشیگەیاند: "ئەو ئەنجامانەی کە لەبەکارهێنانی پلازمای خوێنی چاکبووان بەدەستمانهێنا دڵخۆشکەرن".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر لە چەند وڵاتێکی دیکەش پلازمای خوێنیان وەک چارەسەر بۆ توشبووانی ڤایرۆسەکە بەکارهێناوە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا، بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق، تەندروستیی سلێمانی ئەو چارەسەرەی بەکارهێنا و ماوەی چەند مانگێکە لەسلێمانی و هەرێمی کوردستانیش پلازمای خوێنی چاکبووان وەک چارەسەر بۆ توشبووانی دیکە بەکاردەهێنرێت.