گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات مافە ڕەواکانی هاووڵاتیان فەراهەم بکات

کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ راگەیەندراوێکى لەبارەى خۆپیشاندانەکانى هەرێم بڵاوکردەوە 

2020.08.24 - 09:08
کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ راگەیەندراوێکى لەبارەى خۆپیشاندانەکانى هەرێم بڵاوکردەوە 

ناس کورد-

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەعێراق نیگەرانی خۆی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و داوای لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم کرد دانبەخۆیاندا بگرن و مافی خۆپیشاندەران پێشیڵ نەکەن، بە پێویستیزانی خۆپیشاندەران پارێزگاری لە موڵکی گشتی بکەن وپابەندی ڕێکارەکانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بن.

 

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بە نیگەرانییەوە چاودێری خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بەتایبەتی ئەو ڕوداوانەی کە یاوەری خۆپیشاندانەکان بوون، کەلە ئاکامدا ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون و بوو بەهۆی سوتاندن و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق جەخت لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکاتەوە کە لە دەستوری عێراقدا گەڵاڵە کراوە و لە هەمانکاتیشدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین گوێڕایەڵی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بێت و مافە ڕەواکانیان لە بنبڕکردنی بێکاری، باشترکردنی گوزەرانیان وخەرجکردنی موچەی فەرمانباران جێبەجێ بکات".

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق داواشیکردووە، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن و دانبەخۆیاندا بگرن و ژیانی خۆپیشاندەران بپارێزن و مافەکانیان پێشێل نەکەن لە هەمانکاتیشدا داوا لە خۆپیشاندەران دەکات پابەندی ڕێکارەکانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بن و دووربکەونەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی ودەستدرێژیکردن بۆ سەر موڵکی گشتی.

 

بەهۆی خراپی باری گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بڕینی موچەى فەرمانبەران لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندان لە ژمارەیەک شار و شارۆچکەى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرا و بەو هۆیەشەوە لە هەندێ شوێن پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان وخۆپیشاندەران ڕوویدا وتوندوتیژی لێکەوتەوە.