گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانایان هۆشداریدەدەن:زەوى 28 ترلیۆن تەن بەستەڵەکى لەدەستداوە

2020.08.24 - 08:54
زانایان هۆشداریدەدەن:زەوى 28 ترلیۆن تەن بەستەڵەکى لەدەستداوە

ناس کورد-

بەدرێژایی سێ دەیە هەسارەى زەوى نزیکەى 28 ترلیۆن تەن بەستەڵەکى لەدەستداوە، بەهۆى گەرمبوونى زەوییەوە.

 

بەگوێرەى رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى، زانایانى تایبەتمەندى بەریتانى لە زانکۆکانى لیدز و ئەدنبرە و کۆلێژى لەندەن ئاماژەیان بەوە کردووە، توانەوەى ئەو بەستەڵەکە بەهۆى گەرمبوونى زەوییەوە، مەترسی زیادبوونى ئاستى روبارەکانى دروستکردووە لەچەند ساڵى داهاتوودا، کە بەمەترسى لەسەر مرۆڤایەتى دادەنرێت.

 

باسیان لەوەشکرد، ئاستى ئاوى روبارەکان تا کۆتایی سەدەى 21 یەک مەتر بەرزدەبێتەوە، کە هەندێک پێیانوایە کاریگەرى نییە، بەڵام ئەندى شیبرد بەڕێوەبەرى سەنتەرى چاودێریکردنى بەستەڵەکەکان لە زانکۆى لیدز دەڵێت، زیادبوونى هەر سانتیمەترێک ئاستى ئاو واتە نزیکەى ملیۆنێک کەس ناچاردەبن لەناوچە کەناراوییەکان کۆچ بکەن.

 

زانایان بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە پشتیان بە وێنەى مانگە دەستکردەکان بەستووە بەتایبەتى وێنەکانى ئەو بەستەڵەکانەى ئنتاركتيكا وگرينلاندیان داپۆشیوە لەساڵانى 1994 - 2017.

 

زانایان دەڵێن، توانەوەى بەستەڵەکەکان لەکیشوەرى بەستەڵەکەکانى باشور بەهۆى بەرزبوونەوەى ئاستى پلەى گەرماوە بووە.

 

پێشتر و راپۆرتێکى نەتەوەیەکگرتووەکان کە کۆتایی ساڵى ڕابردوو بڵاوکرایەوە، هۆشداریدابوو لەوەى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى روبارەکان مەترسی دەبێت لەسەر سڕینەوەى چەندین شار تا ساڵى 2100.

 

بەگوێرەى راپۆرتەکە، کە لەلایەن 104 شارەزا و زاناى 36 وڵاتى جیاجیا ئامادەکراوە، ئاستى ئاوى روبارەکان 30-60 سانتیمەتر بەرزدەبێتەوە.