گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى رێککەوتنەکانى لەگەڵ ئەمریکا

عێراق چارەنوسى رێککەوتنەکەى لەگەڵ چین یەکلاکردەوە

2020.08.23 - 23:18
عێراق چارەنوسى رێککەوتنەکەى لەگەڵ چین یەکلاکردەوە

ناس کورد-

سەرۆکى دەستەى راوێژکاران لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، رێککەوتنى واژۆکراو لەگەڵ چین کارایە و جێبەجێدەکرێت، کاریگەرى نییە لەسەر رێککەوتنەکان لەگەڵ لایەنى ئەمریکى کە لەمیانەى سەردانەکەى مستەفا کازمیدا بۆ ئەو وڵاتە واژۆکران.

 

ساڵى ڕابردوو لەسەردەمى حکومەتى پێشووى عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و چین واژۆکرا، لەچەند رۆژى ڕابردووشدا مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران چەند رێککەوتنێکى لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرد لە بوارە جیاجیاکان.

 

عەبدولکەریم فەیسەڵ، سەرۆکى دەستەى راوێژکاران لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "رێککەوتنە واژۆکراوەکان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارى جیاجیادایە و جیایە لەو رێککەوتنانەى لەگەڵ لایەنى چینى واژۆکراوە".

 

وتیشى "رێککەوتنەکەى چین کارایە و جێبەجێدەکرێت، عێراق سندوقێکى لەچین هەیە کە داهاتى 100 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى تێدا هەڵدەگیرێت بەشێوەیەکى بەردەوام و هەندێکجار لەکاتى پێویستدا پارەکە رادەکێشرێت".

 

بەگوێرەى رێککەوتنەکە کە ماوەکەى پەنجا ساڵە، پارەى ئەو سندوقەى نەوتى عێراق تەرخاندەکرێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانى ژێرخان لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە لە عێراق. 

 

بەوتەى بەرپرسانى پێشووى حکومەتى عێراق، پڕۆژەکان راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر و قوتابخانە و نەخۆشخانە و گواستنەوە و کارەبا و چەندین بوارى دیکە لەخۆدەگرن.