گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فرانس پرێس لەبارەى هەرێمەوە: پەناگەى هەڵاتوەكان دەستى خستۆتە بینە قاقاى ڕاگەياندنەكان

2020.08.23 - 21:55
فرانس پرێس لەبارەى هەرێمەوە: پەناگەى هەڵاتوەكان دەستى خستۆتە بینە قاقاى ڕاگەياندنەكان

ناس کورد- 

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكان باس لەوە دەكەن كە دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان هەڵمەتێكيان دژى ئەو دەزگا ڕاگەياندنانە دەستپێكردووە كە ڕوماڵى خۆپيشاندانەكان دەكەن، ڕۆژنامەنوسان و بەرگريكارانى مافى مرۆيش ترسى خۆيان لە پاشەكشە لە دۆسیەى مافەكانى مرۆڤ پيشان دەدەن.

 

ئاژانسى فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێكدا بڵاويكردوەتەوە، دەيان ساڵە عێراقيە هەڵاتوەكان لە گروپە چەكداريەكان و خێڵەكان و هەژمونى سياسيەكان لە ناوچەكانى ترى وڵات پەنايان بۆ ناوچەكانى هەرێمى كوردستان بردوە كە لەئێستادا خۆپيشاندان دژى حكومەت بەخۆوە دەبينێت، ئەوەش بەهۆى نەدانى موچەى فەرمانبەران و دەستوەردانەكانى توركيا لە ناوچە سنوريەكان.

 

ڕۆژنامەنوسان، بەرگريكارانى مافەكانى مرۆڤ دەڵێن، خۆپيشاندانەكان بە توندى وەڵامدرانەوە لەلايەن هێزە ئەمنيەكانەوە، هەروەها بەئامانجگرتنى ڕۆژنامەنوسان و پەيامنێران زيادى كردووە.

 

ئاژانسەکە ئاماژەى بە راگەیەندراوێکى سەنتەرى ميترۆ بۆ بەرگريكردن لە مافى ڕۆژنامەنوسان داوە كە تیایدا هاتووە، سەرەڕاى بوونى ياساكانى پاراستنى مافى ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمى كوردستان، بەڵام سەختتربونى قەيرانە سياسى و ئابورييەكان فشاریان لەسەر ڕاگەياندنەكان دروستكردوە.

 

سەنتەرەكە لە نيوەى يەكەمى ئەمساڵ 88 پێشێلكارى بەرامبەر 62 ڕۆژنامەنوس و دەزگاى ڕاگەياندن تۆمار كردووە، فشارەکانیش لە ناوەڕاستى مانگى شەش لەسەر ڕۆژنامەنوسان زۆرترين بووە.

 

تەنها لەهەفتەى ڕابردودا هێزە ئەمنيە كورديەكان "ئاسايش" لەڕێگەى هێزەوە نوسينگەى كەناڵى NRT يان داخستووە كە ڕووماڵى خۆپيشاندانەكانى زاخۆى دەكرد.

 

هونەر ئيحسان، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى كەناڵە بە ئاژانسى فرانس پرێسى وتوە، دواى نيوەى شەو هێزەكانى ئاسايش هەڵيانكوتايە سەر نوسينگەى كەناڵەكە لە دهۆك و سەرجەم كەلوپەلە ڕۆژنامەوانيەكانيان برد و ئەحمەد زاخۆيى پەيامنێرى كەناڵەكەيان لە زاخۆ دەستگير كرد، تائێستاش ئازا نەكراوە.

 

چەند كاتژمێرێك دواى ئەوەش، هێزەكانى پۆليس نوسينگەى هەمان كەناڵيان لە شارى هەولێر داخست، ئەوەش زنجيرەيەك سەرکۆنەکردنى لەلايەن گروپەكانى مافى مرۆڤى ناوخۆيى و جيهانى لێكەوتەوە.

 

کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی رۆژنامەنوسان (سی پی جەی) لەو بارەيەوە بڵاويكردووەتەوە، ئەو كارە بەرامبەر ئەو كەناڵە نادادپەروەريى و ناديموكراتييە، پرسيارى ئەوەش دەكات كە هۆكارى ترسى دەسەڵاتداران چييە كە بووەتە هۆى داخستنى نوسينگەكانى ئەو كەناڵە.

 

لە خراپەوە بۆ خراپتر

زۆرينەى دەزگاكانى ڕاگەياندن لە ناوچە كورديەكان سەربە كەسايەتييە ياخود حزبە سياسيەكانن وەك سەرجەم ناوچەكانى ترى عێراق، ئازادى ڕۆژنامەوانى پشتى بە ياسايەك بەستووە كە ساڵى 2009 دەركراوە، كە لەو كاتەدا ڕێكخراوى ناحكومى مافەكان بەناوى "فريدەم هاوس" بە شان و باڵى ياساكەدا هەڵيداوە و ئاماژەى بەوەدا كە ئازادى داوە بە ڕۆژنامەنوسان بەشێوەيەك كە پێشتر نەبووە.

 

لاى خۆيەوە "ياسين تەها" ڕۆژنامەنوسى سەربەخۆ دەڵێت، لە ڕووى تيۆرييەوە كوردستان پەراوێزێكى ئازادى هەيە ئەويش لەڕێگەى بوونى ياسايەكى قبوڵكراوەوە تاڕادەيەك بۆ ڕێكخستنى كارى ڕۆژنامەوانى.

 

لە ڕاستيدا ڕەخنەكان ڕووبەڕووى چينى دەسەڵاتدار دەكرێن و هاوڵاتيان چيتر بەرگەى بارودۆخى ئابورى و تەندروستى ناگرن ئەوەش بەهۆى ئەوەى چەندين مانگە موچە دابەش نەكراوە، هەروەها بەهۆى كەرەنتين و خۆپارێزى بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە كێشە ئابوريەكان زياديان كردووە.

 

دواى ئەوەى توركيا بەبيانوى شەڕى پەكەكە هێرشى سەربازى زەمينى و ئاسمانى بۆ سەر ناوچەكانى هەرێمى كوردستان دەستپێكرد، خۆپيشاندانەكان دژى گەندەڵى و بەهەدەردانى حكومەت زياديان كرد، زۆربەى ڕەخنەكان لە بێدەنگى حكومەتە لە بۆردومان و هێرشە خوێناويەكانى توركيا، "ياسين تەها" دەڵێت، بارودۆخى كوردستان لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت بەهۆى كەڵەكەبوونى شكستەكان، خۆپيشاندانەكان هەڵدەوەشێنرێنەوە بەڵام ناتوانرێت دەمەكان دابخرێن.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، داخستنى كەناڵەكانى ڕاگەياندن چارەسەرى ئەو شكستە يەك لەدواى يەكەى سێ ساڵى ڕابردوو ناكەن.

 

ڕێكخراوى "هيومان ڕايتس وۆچ" هۆشدارى داوە لەوەى كە حكومەتى هەرێمى كوردستان ياساى تايبەت بە جنێو و سوكايەتيكردن و ياساى سزاكان و چەندين ياساى تر بەكاردەهێنێت بۆ بەئامانجگرتنى خۆپيشاندەران و ڕۆژنامەنوسان.

 

سەردەمى يەك كەناڵى تەلەفزيۆنى بەسەرچوو

ڕێكخراوەكە ئاماژەى بەوەشداوە، كەسێك كە بەهۆى ئەوەى خۆپيشاندانەكانى ڕاستەوخۆ پەخش كردوە لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان ماوەى 29 ڕۆژ لە زينداندا بووە، لە كۆتاييشدا هيچ تۆمەتێكى ڕوبەڕوو نەكراوەتەوە.

 

كەسێكى تر ئاماژەى بەوەداوە كە پارەى داوە بە هێزەكانى ئاسايش بۆ ئەوەى ئازادى بكەن، پێيان وتووە لەكاتێكى تردا پەيوەندى پێوە دەكەنەوە.

 

ڕێكخراوە ناحكوميەكان هانى حكومەتى هەرێمى كوردستان دەدەن گۆڕانكارى لە ياساكاندا بكات و "حوكمە ناڕوونەكان" لابەرێت، كە ڕێگە دەدات فشار بخرێتە سەر دەزگاكانى ڕاگەياندن و چالاكوانان.

 

شەش پەرلەمانتارى كوردى پەرلەمانى عێراق داوايان لە "جنين هينيس بلاسخارت" كردووە كە فشار بخاتە سەر حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ ڕێزگرتن لە مافە مەدەنى و سياسىيەكانى هاووڵاتيان.

 

لاى خۆيەوە "ڕەحمان غەريب" ڕێکخەرى سەنتەرى ميترۆ دەڵێت، فشاری حكومەت لەسەر كەناڵەكانى وەك NRT جگە لە كۆكردنەوەى ناڕازى زياتر لە دەوڵەت هيچى ترى بەدوادا نايەت.

 

باسى لەوەشكردوە، ڕێگەگرتن لە كەناڵەكان بۆ گواستنەوەى كار و چالاكيەكانى دژى دەسەڵات دەبێتە هۆى ئەوەى خەڵك بەهەر ڕێگەيەك بێت بۆچونى خۆيان دەربڕن، ئەوەش هەزارەها NRT دروست دەكات و خەڵك لە هەموو لايەكەوە دەبنە پەيامنێرى.

 

ڕەحمان غەريب دەشڵێت، سەردەمى يەك كەناڵى تەلەفزيۆن و يەك ڕاديۆ و يەك ڕۆژنامە بەسەر چووە و ناگەڕێتەوە، ئێستا هەر هاوڵاتيەك كەناڵێك و ڕاديۆيەك و ڕۆژنامەيەكى تايبەت بەخۆى هەيە و دەتوانن دەنگ و داواكاريەكان و بۆچونەكانى خۆيان بگەيەنن.