گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ ئەگەر بۆ رێککەوتن

لیژنەى دارایی: دەبێت کەمتر لە دوو مانگى دیکە هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن [تایبەت]

2020.08.23 - 21:02
لیژنەى دارایی: دەبێت کەمتر لە دوو مانگى دیکە هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن [تایبەت]

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، پێویستە کەمتر لەدوو مانگى دیکە هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن لەسەر بودجەى 2021، لەو بڕوایەشدایە رێککەوتنى چاوەڕوانکراو دۆسیەى نەوتى هەرێم لەخۆناگرێت.

 

بڕیارە بەم نزیکانە دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەى 2021 دەستپێبکەن، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن، دواى ئەوەى ناوەڕاستى ئەم مانگە رێککەوتنێکى کاتیان ڕاگەیاند.

 

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بەپێی یاساى ئیدارەى دارایی دەبێت تا پێش ناوەڕاستى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن، چونکە دەبێت تا ئەوکاتە حکومەت پڕۆژەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات".

 

حکومەتى عێراق ئەمساڵ پرۆژەى بودجەى رەوانەى پەرلەمان نەکرد، بەهۆى قەیرانى دابەزینى نرخى نەوت و کۆرۆناوە لەجیاتى ئەوە پشت بە یاساى ئیدارەى دارایی ساڵى ڕابردوو بەسترا بۆ خەرجییەکان، بەڵام بەڵێنیداوە لەکاتى خۆیدا پڕۆژەى بودجەى 2021 رەوانەى پەرلەمان بکات.

 

بە وتەى جەمال کۆچەر "سێ ئەگەر هەیە بۆ رێککەوتنى هەرێم و بەغدا، رێککەوتن، رێکنەکەوتن، دواخستنى پرۆژەى بودجە بەهۆى نەگەیشتن بە رێککەوتن".

 

لەرێککەوتنە کاتییەکەى لەگەڵ هەرێم، بۆ یەکەمجار بەغدا دەستبەرداریی داواى رادەستکردنى نەوتى هەرێم بوو، بەڵام جەختى لە رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان کردووەتەوە.

 

جەمال کۆچەر پێشبینیدەکات لە رێککەوتنى درێژخایەنیشدا دۆسیەى نەوتى هەرێم یەکلانەکرێتەوە، چونکە بەغدا نایەوێت بە وەرگرتنى نەوتى هەرێم خۆى بخاتە ژێر پێدانى پارەیەکى زۆر بەهەرێم، لەکاتێکدا بەهۆى پابەندبوونى بە رێککەوتنى ئۆپیک، خۆى ناتوانێت سەرجەم نەوتەکەى هەناردە بکات.

 

"رەنگە رێککەوتن لەسەر دۆسیەى نەوت ببەستنەوە بە دەرکردنى یاساى نەوت و گازەوە، بەو شێوەیە خۆیان لەو پرسە دەرباز بکەن و هەرێمیش بەرێگەى خۆى نەوتەکەى بفرۆشێت"، جەمال کۆچەر وایوت.