گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

900 ملیار دینارى مانگانە

ناس کورد زانیارى لەبارەى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا بڵاودەکاتەوە [تایبەت]

2020.08.23 - 18:30
ناس کورد زانیارى لەبارەى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا بڵاودەکاتەوە [تایبەت]

ناس کورد-

لەگەڕى نوێی دانوستانەکانى نێوانیاندا کە بڕیارە بەم نزیکانە دەستپێبکات، هەرێمى کوردستان چاوى لە زیندوکردنەوەى بنەماکانى رێککەوتنەکەى کۆتایی ساڵى ڕابردوویەتى کە لەگەڵ کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى واژۆیکرد، بۆ واژۆکردنى رێککەوتنێکى درێژخایەن لەگەڵ حکومەتەکەى مستەفا کازمى.

 

چاوەڕواندەکرێت دانوستانەکان هەفتەى داهاتوو دەستپێبکەنەوە، دواى ئەوەى ئەمڕۆ مستەفا کازمى شاندى هەرێمى بانگهێشتکرد بۆ سەردانیکردنى بەغدا.

 

دانوستانەکانى ئەمجارە پەیوەستن بە گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن بەشێوەیەک کە لە بودجەى ساڵى داهاتوو پەسەند بکرێت، دواى ئەوەى هەردولا ناوەڕاستى ئەم مانگە رێککەوتنێکى کاتیان ڕاگەیاند کە تاکۆتایی ئەمساڵ کارى پێدەکرێت.

 

بەپێی رێککەوتنە کاتییەکە، بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار رەوانەى هەرێم دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ، لەبەرانبەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و رازیبوونى هەرێم بۆ وردبینى چاودێرى دارایی عێراق بۆ داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان.

 

حکومەتى هەرێم دەیەوێت بڕێکى زۆر زیاتر لەو پارەیەى دەستبکەوێت کەئێستا بەغدا بۆیدەنێرێت، تا بتوانێت موچەى فەرمانبەران و خەرجییەکانى دابین بکات، کە بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و قەیرانى کۆرۆناوە بەئەستەم دەتوانێت دابینیان بکات.

 

ئامانج رەحیم، سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کە ئەندامى شاندى هەرێم بوو بۆ بەغدا هەینى ڕابردوو لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا خواستى هەرێمى لەو بارەیەوە ئاشکراکرد و وتى "لەساڵى 2019 لەگەڵ حکومەتى عادل عەبدولمەهدى گەیشتینە رێککەوتنێکى زۆر هاوسەنگ کە لەبەرانبەر 900 ملیار دینارى مانگانە حکومەتى هەرێم پابەندییە دارایى و نەوتى و دەروازەکان و چاودێرى دارایی جێبەجێ دەکات، هیوادارین بتوانین ئەو بنەمایانە لە بودجەى ساڵى 2121 جێگیر بکەین".

 

ئەو رێککەوتنەى نێوان هەرێم و بەغدا بەجێبەجێنەکراوى مایەوە، بەڵام دواتر بەغدا رازى بوو بەوەى مانگانە 453 ملیار دینار بنێرێت لەبەرانبەر رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمەوە کە تا مانگى نیسان بەو شێوەیە بەردەوام بوو، دواتر لەکۆتایی سەردەمى کابینەکەى عەبدولمەهدیدا ناردنى پارەکە راگیرا بەهۆى رادەستنەکردنى نەوتەوە. 

 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بەناس کوردى ڕاگەیاند "هەرێم و بەغدا نزیکن لەوەى بگەن بە رێککەوتنێکى درێژخایەن لەسەر بودجەى ساڵى داهاتوو".

 

وتیشى "بەڵام پێناچێت بەغدا رازى بێت بە ناردنى 900 ملیار دینارى مانگانە بەهۆى خراپى رەوشى داراییەوە، هەرچەندە داهاتى بەغدا بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتەوە زیادی کردووە".

 

شیروان میرزا جەختیکردەوە، هەردولا دەیانەوێت بگەن بە رێککەوتنێکى درێژخایەن کە لەبەرژەوەندى هەردوولا بێت.

 

رێککەوتنە کاتییەکەى ئێستا دۆسیەى نەوتى هەرێمى لەخۆنەگرتووە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت رێککەوتنە درێژخایەنەکە ئەو دۆسیەیەش لەخۆبگرێت، جگە لە دۆسیەى قەرزەکان، کە هەرێم چاوى لەوەیە ئەو پرسەش یەکلایی بکرێتەوە.

 

ئەحمەدى حاجى رەشید ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئەو بڕە پارەیەى بەغدا رەوانەى هەرێمى دەکات بەپێی رێککەوتنى درێژخایەن، وەستاوەتە سەر دوو خاڵ، یەکەمیان ئەوەیە ئەگەر کازمى بیەوێت بەهەر نرخێک بووە لەگەڵ هەرێم رێکبکەوێت رەنگە رەزامەندى لەسەر هەر بڕە پارەیەک بدات کە هەرێم دەیەوێت.

 

وتیشى "بەڵام ئەگەر کازمى جدى نەبێت لەرێککەوتن لەگەڵ هەرێم، ئەوە پێناچێت رازى بێت لەسەر ناردنى پارەى زیاتر بۆ هەرێم".

 

دانوستانەکانى ئەمجارە کە دواى هاتنەوەى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڕێوەدەچن، پێدەچێت گەرمتربن، بەو پێیەى ئەمریکا پشتیوانى بۆ رێککەوتنى هەرێم و بەغدا نیشانداوە.

 

ئەحمەدى حاجى رەشید وتى "بوونى ئەمریکا لەو نێوەندەدا و توندى بەشێک لە شیعەکان لەبارەى سەردانەکەى کازمییەوە، رەنگە هەلێک بێت لەبەرژەوەندى هەرێم لەو بارەیەوە، بەتایبەتى ئەگەر کازمى نەیەوێت لەیەک کاتدا چەند بەرەیەک لەدژى خۆى بکاتەوە".

 

پێدەچێت بەرپرسانى هەرێم هیوایان لەسەر پشتیوانییەکانى ئەمریکا هەڵچنیبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى درێژخایەن لەگەڵ حکومەتەکەى مستەفا کازمى تا بتوانن لەو قەیرانە داراییە دەربازیان بێت کە روبەڕوویان بووەتەوە.

 

"پشتیوانى و بوونى ئەمریکا لەنێوان هەرێم و بەغدا تەکانێکى باشتر دەدات بۆ ئەوەى هەرێم و بەغدا بگەن بە رێککەوتنى کۆتایی"، ئامانج رەحیم هەینى ڕابردوو وایوت.