ناس کورد-
دواى زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر ڕووداوەکەدا، دەستەى فڕۆکەوانیى مەدەنیى ئێرانى زانیارى نوێ لەسەر ڕوداوى کەوتنە خوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانیەکە ئاشکرا دەکات، کە دوو موشەکى لەماوەى 25 چرکەدا بەرکەوتووە و لەکاتى موشەکى یەکەمیشدا تیمیى فڕۆکەکە دەنگیان بیستراوە و زیندوبوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
تورەج دەهقانی زەنگەنە، سەرۆکى دەستەى فڕۆکەوانیى مەدەنیى ئێران ڕایگەیاند، لەدواى 19 چرکە لە تەقینەوەى موشەکى یەکەم، تۆمارى دەنگى شوێنى لێخۆڕینى فڕۆکەکە وەستاوە، دواى 25 چرکەى دیکەش موشەکى دووەم دەگاتە نزیک فڕۆکەکە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەناو سندوقە ڕەشەکەدا نییە لەسەر ڕۆڵى موشەکى دووەم و شوێنەوارەکەى بەسەر فڕۆکەکەوە.
زەنگەنە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، تەقینەوەى موشەکى یەکەم بە فڕۆکەکەدا زیانى زۆرى پێگەیاندووە و بووەتە هۆى پچڕانیى FDR و CVR لەماوەى 19 چرکەدا، بەڵام دەنگە دەنگ و کاردانەوەى تیمى فڕۆکەکە لەدواى تەقینەوەى موشەکى یەکەم ئاماژەیەکە بۆ ئەوەى لەڕووى جەستەیەوە تا ئەو کاتە سەلامەت بوون.
سەرۆکى دەستەى فڕۆکەوانیى ئێران جەختى لەوە کردووەتەوە، خوێندنەوە بۆ داتاى هەردوو سندوقە ڕەشەکە لەژێر بەرپرسیارێتى دەستەى فڕۆکەوانیى مەدەنیى و بەهاریکارى تەکنیکارانى فەڕەنسا بووە، هەروەها لە پڕۆسەى خوێندنەوە بۆ داتاکانى سندوقە ڕەشەکاندا نوێنەرانى وڵاتانى ئەمریکا کە دروستکەرى فڕۆکەکەیە و ئۆکرانیا و فەڕەنسا و کەنەدا و بەریتانیا و سوید ئامادە بوون.
زەنگەنە باسى لەوەش کرد، خوێندنەوە بۆداتاى سندوقە ڕەشەکان بەشێوەیەکى ڕێکوپێک بەڕێوەچووە و هیچ گرفتێکى تەکنیکى بۆ دروستنەبووە، سوپاسى فەڕەنساش دەکەن کە ئامادەبووە هاریکارى تەکنیکى بۆ خوێندنەوەى سندوقە ڕەشەکان پێشکەش بکات و زانیارى ناو سندوقەکانیش دراونەتە دەستى نوێنەرى ئەو وڵاتانەى کە پەیوەندییان بەڕوداوى کەوتنە خوارەوەى فڕۆکە ئۆکرانیەکەوە هەبووە.
ئەو بەرپرسە ئێرانیە دەشڵێت، شیکردنەوە بۆ داتاو زانیارى ناو هەردوو سندوقە ڕەشەکە بۆ دوورکەوتنەوەیە لەهەر ڕوداوێکى هاوشێوە لەئایندەدا و داواشى کرد ڕوداوەکەش بۆ مەبەستى سیاسى بەکارنەهێنرێت و ئەو وڵاتانەشى دڵنیاکردەوە کە دواى ڕوداوەکە خۆیان بەفڕین لەئاسمانیى ئێرانیى بەدوور دەگرن، لەئیستادا ئاسمانەکانى ئێران سەلامەتە.
ڕۆژی 7ی کانونی دووەمی ئەمساڵ و لەکاتى توندبوونەوەى گرژییەکانى نێوان ئێران و ئەمریکا بەهۆى کوژرانى قاسمى سولەیمانیەوە، بەهەڵە فڕۆکەیەکى ئۆکرانیى بەسەر ئاسمانیى شارى تاران لەلایەن هێزەکانى ئێران خرایە خوارەوە و بەو هۆیەشەوە سەرجەم سەرنشینەکانى کە 176 هاوڵاتى خەڵکى وڵاتانیى جیاجیابوون گیانیانلەدەستدا.