گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشداری لە مردنی ملیۆنان کەس دەدرێت بێ ئەوەی توشی کۆرۆنا بن

2020.08.22 - 23:55
هۆشداری لە مردنی ملیۆنان کەس دەدرێت بێ ئەوەی توشی کۆرۆنا بن

ڤایرۆسی کۆرۆنا بن

ناس کورد-

بیل گیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، ڕایگەیاند، لە ماوەى دوو ساڵی داهاتوودا ملیۆنەها کەس بە بێ ئەوەی توشی کۆرۆنا بن گیانلەدەستدەدەن، دەشڵێت، کۆرۆنا فشارێکی زۆری خستووەتە سەر سیستمی تەندروستیی وڵاتان،ئەوەش وایکردووە فریای چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی تر نەکەون.

 

گیتس لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ گۆڤاری" ئیکۆنۆمیست"ڕایگەیاند:" بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی قەدەغەی گشتی بۆ بەرگرتن لە پەتاکە، بەشێوەیەکی خراپ کاریگەری کردوەتە سەر توانای مرۆڤەکان لەوەرگرتنی خزمەتگوزاری تەندروستیی لەجیهاندا".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "پیشبینی دەکەم لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ملیۆنەها کەس لە جیهاندا بەبێ ئەوەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بن گیانلەدەستبدەن، ئەوەش بەهۆی ئەو فشارە زۆرەوە کە لە ئێستادا دووچاری سیستمی تەندروستیی وڵاتانی جیهان بووەتەوە، ئەوەش وایکردووە  پشکی شێری ئەو سیستمە تەنها بۆ بنبڕکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا تەرخانبکرێت".

 

دەشڵێت: "ڤایرۆسەکە ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر سیستمی تەندروستیی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کە لە ئێستادا سەرقاڵی خەباتن دژ بە نەخۆشییەکانی دیکەی وەک مەلاریا و ئایدز".

 

گیتس ئەوەشی وتووە: "هەڵەی زۆرمانکرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، جیهان خۆی ئامادە نەکردبوو بۆ ئەوشەڕە، زیانە ئابورییەکان و تەندروستییەکان زۆر لەوە زیاتربوون کە من پێشبینیم بۆ کردبوو".

 

بیل گیتتس دامەزرێنەری کۆمپانای مایکرۆسوفتی ئەمریکییە، لە سەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا  100 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بەڕێکخراوە جیهانییەکان و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

 لە ئێستادا نزیكەی 800 هەزاركەس لە جیهاندا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مردوون و زیاتر لە 22 ملیۆن و 700 هەزار کەسیش گیرۆدەی ڤایرۆسەکەبوون.

 

كۆرۆنا یان كۆڤید-19 بۆ یەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا و دواتریش بە شار و وڵاتانی دیكەی جیهاندا بڵاوبوەوە.