ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لەسەر ئازاردان و لێدان لە کاوە عەبدولقادری پەرلەمانتاری نەوەی نوێ ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ناوبراو خەڵی هانداوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، بەڵام هاووڵاتیان پەلاماریان داوە، دەشڵێت، لەوکاتەدا پۆلیس بەهانایەوە چوون و لەژێر دەستی خەڵکەکە ڕزگاریان کردووە.
لە ڕونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بەرێز کاوە عبدالقادر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان چۆتە ناوبازاڕو خەڵکی هانداوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، لەلایەن خەڵکی کاسبکاری ناوبازاڕ و سڤیل پەلاماری دراوەو ویستراوە ئازاری پێبگەیەنن."
ئاماژەی بەوەشكردووە: " لەوکاتەدا پۆلیس بەئەرکی خۆیان ھەڵساون و بەهانای ئەو بەرێزە چوونە و توانیویانە پەرلەمانتارەکە لەژێردەستی خەڵکەکە دەرباز بکەن و نەهێڵن ئازارى پێبگات."
پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو: " بۆیە هەموو ئەو پڕوپاگەندە و دەنگۆ و چەواشەکاریانە ڕەتدەکەینەوە کەبانگەشە بۆ ئەوە دەکات گوایە پۆلیس ئازاری ئەو پەرلەمانتارەی داوە، ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە و دوورە لەڕاستیەوە."
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئێوارەی ئەمڕۆ، کاوە عەبدولقادر ئەوەی ڕاگەیاند کە چووەتە ناو بازاڕ بەمەبەستی بەشداریکردن لەخۆپیشاندانی هاووڵاتیان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لێکراوە و ئازارێکی زۆر دراوە.