گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە چوار رۆژدا نزیکەی 30 کەس لە دهۆک دەستگیرکراون

2020.08.22 - 08:46
لە چوار رۆژدا نزیکەی 30 کەس لە دهۆک دەستگیرکراون

ناس کورد-

 

هەڵمەتى دەستگیرکردنى چالاکوانان و رۆژنامەنوسان لەسنورى دهۆک بەردەوامە و لە چوار رۆژدا نزیکەی 30 کەس دەستگیرکراون.

 

هەڵمەتەکە 18ى ئەم مانگە و لەدواى بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی و بانگەشەی ئەنجامدانى خۆپپشاندان لەلایەن چالاکوانانی دهۆکەوە دەستیپێکردووە، کاتێک هەر یەک لە مامۆستا بەدەل بەرواری و روژنامەنوس ئومێد حاجی بەرۆشکی دەستبەسەرکران.

 

رۆژى دواتر هەڵمەتەکە فراوانتر بوو دواى  خوپێشاندانی شوفێرانی بارهەڵگر لە زاخۆ دژی هاتنى شوفێرە تورکیەکان بو ناو خاکی هەرێم کە تێیدا شەڕ و ئاژاوە کەوتە نێوان هێزە ئەمنیەکان و خۆپێشاندەران و زیاتر لە 55 بریندارى لە هێزە ئەمنییەکان لێکەوتەوە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەى لەچەند سەرچاوەیەکەوە دەست ناس کورد کەوتوون، تا ئێستا نزیکەی 20 خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

هەر بەپێی زانیارییەکان، هەر لەو کاتەوە هەڵمەتی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی زاخو دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە شەش کەس دەستگیرکراون لەوانە (ئەحمەد زاخۆیی رۆژنانوس، فاروق عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نەوەی نوێ، مێهڤان مەجید رۆژنامەنوس، جانگیر سندی، کەمال رەمزی، دیفاع هەرکی).

 

دوایین کەس دیفاع هەرکى رۆژنامەنووس بوو کە درەنگانى شەوى ڕابردوو دەستگیرکرا و گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە دەست ناس کورد کەوتووە ساتى دەستگیرکردنى ئەو رۆژنامەنوسە لەلایەن هێزێکى ئاسایشى ئاکرێ وە نیشان دەدات.

 

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند لایەکەوە بانگەشەی ئەوە کراوە کە ئەمڕۆ شەممە 22 مانگ خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان تا ئێستا دانیناوە بە دەستگیرکردنى 18 کەسدا بەهۆى بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەى زاخۆدا، بەڵام بەوتەى حکومەت ئەو کەسانە "چەکیان هەڵگرتبوو".

 

نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم دوێنێ هەینى لە راگەیەنراوێکدا لایەنگرانی پەکەکە و نەوەى نوێى تۆمەتبار کرد بە "بەلاڕێدابردن و دروستکردنی ئاژاوە" لە خۆپیشاندانەکەدا.

 

ئاماژەى بەوەشکردبوو، لە ئەنجامی تەقەکردن 61 لە کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان و چوار هاووڵاتی سڤیڵ برینداربوون کە یەکێکیان منداڵ بوو، هەروەها 26 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیان و موڵکی تایبەتی و گشتی زەرەر و زیانیان پێکەوت."   

  

بەوتەى نوسینگەکە "هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران نەکردووە و رێگایان لە تێکدەران گرتووە دوای ئەوەی هەوڵی سووتاندنی موڵکی گشتی و تایبەتیان دا".