گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رۆڵى ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی ئاشکرادەکات

حکومەتى هەرێم وادەى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا ڕادەگەیەنێت

2020.08.21 - 22:19
حکومەتى هەرێم وادەى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-

 

سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، مانگى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا لەسەر پڕۆژەى بودجەى ساڵى داهاتوو دەستپێدەکات، پشتیوانى ئەمریکاش تەکانێکى باش دەدات بە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی.

 

هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا ناوەڕاستى ئەم مانگە رێککەوتنێکى کاتیان واژۆکرد، بەجۆرێک بەغدا تاکۆتایی ئەمساڵ مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت لەبەرانبەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگەکان و وردبینى چاودێرى دارایی عێراق بۆ داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان.

 

ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کە ئەندامى شاندى هەرێمە بۆ ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "بە دوو قۆناغى کێشەى بودجە و موچە لەگەڵ عێراق چارەسەر دەکرێت، یەکەمیان بڕیارەکەى بەغدا بوو بۆ ناردنى 320 ملیار دینار تا کۆتایی ئەمساڵ".

 

وتیشى "دووەم قۆناغ دانوستانى هەردوو حکومەتە لەسەر پڕۆژە یاساى بودجەى ساڵى داهاتوو، کە بریارە لەمانگى 10 ەوە دانوستان دەستپێبکەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى کۆنکرێتى لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەى چیتر بەشە بودجەى هەرێم گۆڕانکاریی تێدا نەکرێت".

 

ئامانج رەحیم کە هاوکات ئەندامى شاندى دانوستانکارى هەرێم بوو لەگەڵ بەغدا باسى لەوەشکرد، بابەتى نەوت دۆسیەى نەوت نابێتە رێگر لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە هەرێم رەزامەنى نیشانداوە بۆ رادەستکردنى ئەو بڕە نەوتەى سۆمۆ داوایدەکات.

 

لەبارەى خاڵە سنورییەکانیشەوە وتى "بەرێوەبردنى خاڵە سنورییەکان و گومرگ لەدەسەڵاتى هاوبەشى هەردوولایە و قابیلى چارەسەرە، قەرزەکانى هەرێمیش بەدڵنیایی لە بودجەى ساڵى داهاتوو چارەسەر دەکرێت".

 

"لەساڵى 2019 لەگەڵ حکومەتى عادل عەبدولمەهدى گەیشتینە رێککەوتنێکى زۆر هاوسەنگ کە لەبەرانبەر 900 ملیار دینارى مانگانە حکومەتى هەرێم پابەندییە دارایى و نەوتى و دەروازەکان و چاودێرى دارایی جێبەجێ دەکات، هیوادارین بتوانین ئەو بنەمایانە لە بودجەى ساڵى 2121 جێگیر بکەین"، ئامانج رەحیم وایوت.

 

جەختیشیکردەوە، پشتیوانى و بوونى ئەمریکا لەنێوان هەرێم و بەغدا تەکانێکى باشتر دەدات بۆ ئەوەى هەرێم و بەغدا بگەن بە رێککەوتنى کۆتایی.