گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا ستراتیژییە

فوئاد حسێن: ئامادەین گفتوگۆى ستراتیژى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێش ئەنجام بدەین

2020.08.21 - 17:56
فوئاد حسێن: ئامادەین گفتوگۆى ستراتیژى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێش ئەنجام بدەین

ناس کورد- 

 

فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق ئامادەیی وڵاتەکەى نیشاندا بۆ ئەنجامدانى گفتوگۆى ستراتیژى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ، هاوشێوەى ئەو گفتوگۆیەى لەگەڵ ئەمریکاى ئەنجامى دەدەن، جەختیشیکردەوە  کاردەکەن بۆ بنیاتنانى پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان بەبێ رێگەپێدان بە دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆیی.

 

فوئاد حسێن ئەمڕۆ هەینى لە کۆنگرەیەکدا کە لەلایەن پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى لە واشنتن رێکخرابوو وتى "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا ستراتیژییە، لەسەر بنەماى هاریکارى هاوبەشى دوو قۆڵى لەبوارە جیاجیاکان".

 

هەروەها ئامادەیی عێراقى نیشاندا بۆ جێبەجێکردنى ئەزمونى گفتوگۆى ستراتیژى کە ئێستا قۆناغى دووەمى لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لەبەرئەوەى سیاسەتى عێراق بنیاتنانى پەیوەندى باشە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ.

 

بەوتەى فوئاد حسێن، هەندێ کێشەى عێراق پەیوەست بە ئاسایش هۆکارەکەى سیاسەت و دەستوەردانى بەشێک لە وڵاتانى دراوسێیە "پێویستە ئەو دەستوەردانانە بوەستێنرێن، کێشەکان لەرێگەى گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن".

 

جەختیشیکردەوە، پرسی ئاسایش گرنگە بۆ بەدیهێنانى هەر ئاڕاستەیەک بەرەو باشکردنى ئابورى و ئەگەر ئاسایش بوونى نەبێت کارێکى قورسە کەرتە ئابورییەکان بپارێزرێن.

 

"عێراق پەیوەندى ئابورى گرنگى لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و تورکیا هەیە و پێویستە پارێزگارییان لێبکرێت، چارەسەرى کێشەکان دەبێتە هۆى هاریکارى زیاتر لەگەڵ هەردوو وڵات"، فوئاد حسێن وایوت.

 

لەبارەى گفتوگۆى ستراتیژییەوە لەگەڵ ئەمریکا، فوئاد حسێن باسى لەوەکرد، گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و پرسەکانى ئابورى، وەبەرهێنان، نەوت، وزە، کارەبایان تاوتوێکردووە.