گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا و عێراق شەش پرسی گرنگیان تاووتوێ کرد و لەسەر چەند خاڵێك ڕێککەوتن

2020.08.20 - 16:33
ئەمریکا و عێراق شەش پرسی گرنگیان تاووتوێ کرد و لەسەر چەند خاڵێك ڕێککەوتن

ناس کورد- 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكانی لیژنەی هەماهەنگكاری نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عێراقی بڵاوکردەوە كە شەش تەوەری گرنگی لەخۆگرتووە و چەند ڕێكکەوتنێكیشی لەنێوان هەردوو وڵاتتدا لێكەوتووەتەوە.

 

لەڕاگەیەنراوەکەی ئەو وەزارەتەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، شاندی حكومەتی عێراق لەو لیژنەیەدا بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمریكاش بەسەرۆكایەتی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەشداریان كردووە، كۆبونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگكاری بەپێی ڕێکكەوتنی ستراتیژی ساڵی 2008 ی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچووە.

 

لەتەوەری ئابووریدا، عێراق پوختەی پلانی چاكسازی ئابووری خستەڕوو و ئەمریكاش پاڵپشتی خۆی بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە پیشانداوە، هەردوو وڵات تاووتوێی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە داراییەكانیان كردووە، بەمەبەستی هاریكاریكردنی عێراق بۆچارسەركردنی كێشەی دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها قەیرانەكانی كۆرۆنا كە دۆخی عێراقی پڕ ئاستەنگ كردووە.

 

باس لەوەشكراوە، هەردوو وڵات پلانی هاریكارییان بۆ بواری حكومەتی ئەلیكترۆنی چاكسازی دارایی و هەروەها بەشداری كردنی كەرتی تایبەت بەمەبەستی پتەوكردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و ئەمریكادا و هەردوو وڵاتیش كۆبونەوەیەك بەمەبەستی كاركردن بەڕێكەوتنی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان هەردوو وڵات ( TIFA ) كە لەساڵی 2019 واژوو كراوە .

 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدانیشتی تایبەت بەتاووتوێ كردنی تەوەری وزەدا، هەردوو وڵات جەختیان لەسەر هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ زیاد بەرهەمهێنانی كارەبا و گازی ناوخۆی كردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چاكسازی لەو كەرتە دا جێبەجێبكرێت، هەروەها هەردوولا پلانیان داناوە بۆ كۆبوونەوەی هەماهەنگی هاوبەش بۆ وزە بەمنزیكانە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەپەراوێزی كۆبونەوەكاندا عێراق ڕێکكەوتنی لەبواری وەزە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكاندا لەوانە كۆمپانیای ژەنراڵ ئەلكتریك و هانیویل یۆ ئۆبی و ستیلارئەنەرژی دا واژوو كردووە، سەرباری واژووكردنی یاداشتی لێتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیا سیڤرۆن و بیكەر هیوز، بۆ بەشداریكردنی ئەمریكا لەپێشخستنی كەرتی وزە و نەوتی عێراق.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەندامانی شاندی هەردوولا باسیان لەوەش كردووە، هاریكارییەكان لەگەڵ ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی (IEA)  بەمەبەستی پێشخستنی پلانی چەند خزمەتگوزارییەكی بواری كارەبا بۆ عێراق بەردەوام دەبێت، هەروەها هەردوو حكومەت پلانیان بۆ هاریكاری كردن لەگەڵ وڵاتانی هاریكاری كەنداو و دەستەی بەستەری كارەبای وڵاتانی ئەنجومەنی كەنداو داڕشتووە.

 

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازی لەبەرەو پێشچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ لەسەر پرسی بودجە و كەرتی وزە كردووە.

 

لەبواری تەندروستی و ژینگەشدا، هەردوو وڵات جەختیان لەسەر هاریكاری نێوان یەكتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كردووەتەوە، یاداشتێكی لێتێگەیشتنیش بۆ فراوانكردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوولا لەكەرتی تەندروستیدا واژوو دەكەن.

 

لەتەوەری سیاسەت و دیپلۆماتیشدا، ئەمریكا جەختی لەڕێزگرتنی سەروەری عێراق كردووەتەوە، تاووتوێی چۆنیەتی هاریكاری ئەمریكا بۆ عێراق بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشووەختە كراوە و هەردوولاش جەختیان لەڕێزگرتنی بیروڕای ئازاد و ئازادی میدیا كردووەتەوە.

 

ئەوەش بەپێویست زانراوە سزای یاسایی تۆمەتبارانی خۆپیشاندانەكان بدرێن و ئەمریكاش ئامادەی خۆی بۆ هاریكاری كردنی بەردەوامی ئاوارەكان دەربڕیوە، بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی توندوتیژیەكانی داعشەوە ئاوارەبوون و هەردولاش جەختیان لەسەر گەیاندنی هاریكاری و پەیوندییەكان و بەردەوامی كاری ڕێكخراوە مرۆییەكان لەو بوارەدا كردووەتەوە.

 

لەتەوەری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، جەخت لەسەر ئامانجی هاوبەشی هەردوولا كراوەتەوە لەڕێگەی هەماهەنگی ئەمنیی نێوان هەردوولاوە بەشێوەیەك پەیوەندییەكانی هێزە عێراقیەكان و هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بەردەوام دەبێت، شاندی عێراقیش ستایشی پاڵپشتیەكانی ئەمریكایان لەو بوارەدا كردووە كە پێشكەشی هێزە عێراقیەكانیان كردووە لەشەڕەكانی دژی داعشدا.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ خواستەكانی ئەم قۆناغەش، هێزەكانی هاوپەیمانان هەندێك لەبنكە سەربازییەكانیان لەعێراق بكشێننەوە و هەروەها ژمارەی چەكدارەكانیشیان كەمبكەنەوە، هەردوولا بۆ دانوستانە هونەرییەكانی ئەو بوارە ڕێكکەوتن بۆ بەڕێوەبردنی و تێپەڕین بەرەو قۆناغێكی نوێتر، باس لەهاریكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش كراوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە تەوەری تایبەت بەپەروەردە و فێركردنیشدا، تاووتوێی پاڵپشتی ئەمریكا و هەوڵی ئێستای عێراق بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان زانكۆكانی ئەمریكا لەعێراقدا كراوە، ئەوەش لەڕێگەی بەرنامەی ڤۆلبرایتەوە، هەردوولاش ڕێگەیەكیان دەستنیشانكردووە بەمەبستی پاڵپشتی كردنی پلانەكانی عێراق بۆ چارەسەر كردنی كیشەكانی ئەو كەرتە و گرنگیدان بەچاكسازییەكانی كەرتەكە و جەخت لەسەر بەشداری كردنی زانكۆكانی ئەمریكی عێراقی لەو بوارەدا كردووەتەوە.