گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داواى دەستوەردانى بەپەلەى سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق دەکرێت لەڕوداوەکانى زاخۆ

2020.08.20 - 13:48
داواى دەستوەردانى بەپەلەى سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق دەکرێت لەڕوداوەکانى زاخۆ

ناس کورد-

لەسەر ئازاردان و هەڵكوتانە سەر خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، پەرلەمانتارێكی كورد لەبەغدا ڕەخنە لە هەر سێ سەرۆكایەتیەكەى عێراق دەگرێت و داوای دەستوەردان بۆ ڕاگرتنی ئەو كارانە لە هەرێم دەكات. 

 

لەمیانەى بڵاوکردنەوەى تویتێکدا لە هەژماری خۆى لە تویتەر، هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكانی شەوی ڕابردووی شارۆچكەی زاخۆی بڵاوكردووەتەوە و لەسەر ئەو ڕوداوانە ڕایگەیاندووە، دیمەنێكی بەئازارە لەلایەن هێزەكانی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەخۆپیشاندەران دەدرێت و سەركوت دەكرێن.

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، وای لێهاتووە ئەوەی داوای مافی خۆی بكات چارەنوسی بەقامچی لێدانە و ئەوەش بارودۆخی خەڵكی هەژاری پەراوێزخرا و ستەمدیدەیە لەهەرێمی كوردستان، پەرلەمانتارەكە شیعرێكی ئەبو قاسم شابی هێناوەتەوە كە دەڵێت، گەر گەلێك ڕۆژێك ژیانی دەوێت، ئەوا دەبێت ڕوبەڕووی چارەنوس و قەدەر بێتەوە.

 

هاوکات لە تویتێکى تریدا هۆشیار عەبدوڵا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات :"ئەو گرتە ڤیدیۆیە پێشكەشە بە بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمار و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوە گەلەكەتانە لەزاخۆ سەركوت دەكرێت و لەشەقامدا سوكایەتیان پێدەكرێت، ئەوانە خەڵكی هەژار و بێ موچەن و چوونەتە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان دەكەن".

 

پەرلەمانتارە كوردەكە دەشڵێت:" بۆچی بێدەنگن ئەی سەركردەكانی وڵات..؟ كوا هەڵوێستتان..؟ كوا هەستی بەرپرسیارێتیتان..؟ كەمێك ئازابن و هەڵوێستی خۆتان بەرامبەر ئەو بەربەریەتە ڕابگەیەنن".