گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەسەر داواى ئەمریکا ماوەى سەردانەکەى کازمى بۆ ئەو وڵاتە درێژکرایەوە

2020.08.20 - 08:40
لەسەر داواى ئەمریکا ماوەى سەردانەکەى کازمى بۆ ئەو وڵاتە درێژکرایەوە

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق داواکارییەکى لەلایەن بەرپرسانى ئەمریکاوە بەدەستگەیشتووە بۆ درێژکردنەوەى ماوەى سەردانەکەى بۆ واشنتۆن.

 

سەرچاوەکەى ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیران بە ناس کوردى وت "سەرۆکوەزیرانى عێراق لەلایەن ناوەند و بەرپرسانى ئەمریکاوە داواکارییەکى بەدەستگەیشتووە بۆ درێژکردنەوەى ماوەى سەردانەکەى بۆ واشنتۆن و ئەویش ڕەزامەندى لەسەر ئەو داواکارییە نواندووە".

 

بەگوێرەى سەرچاوەکە، کازمى کاتى گەڕانەوەى بۆ عێراق دواخستووە کە بڕیار بوو ئێوارەى ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بگەڕێتەوە.

 

رونیشیکردەوە، درێژکردنەوەى کاتى سەردانەکەى کازمى بۆ واشنتۆن لەسەر داواى ژمارەیەک لە بەرپرسى کۆنگرێسى ئەمریکا بووە بۆ ئەوەى ئەندامان و بەرپرسانى کۆنگرێسى ئەو وڵاتە دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجام بدەن، ئەمە سەرەڕاى داواکارى ژمارەیەک لە ناوەندى ئابورى و توێژینەوە و سیاسى ئەمریکا بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ کازمى.

 

سەرچاوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێک لەدیدار و کۆبوونەوەکانى مستەفا کازمى لە واشنتۆن لەگەڵ نانسى بیلۆسى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا دەبێت.

بەگوێرەى خشتەى پێشووى سەردانەکەى شاندى عێراق بۆ ئەمریکا، سەردانى شاندەکە بۆ ئەو وڵاتە لەدواى کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لەمڕۆ (پێنجشەممە)دا کۆتایى دەهات بەڵام گەڕانەوەى شاندەکەى عێراق ڕۆژێک دواخرا.