گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’منيش پێنج جار سەردانی ئەمریکام كردووە’’

مالیکی لە گرنگی سەردانەکەى کازمی بۆ واشنتن کەم دەکاتەوە: ستراتیژی ئەمریکا بە سەردان ناگۆڕێت

2020.08.19 - 09:46
مالیکی لە گرنگی سەردانەکەى کازمی بۆ واشنتن کەم دەکاتەوە: ستراتیژی ئەمریکا بە سەردان ناگۆڕێت

ناس کورد-

نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، سەیری لەوەدێت هەندێك كەس سەردانەكەی كازمی بە "مێژوویی" وەسف دەكەن و دەڵێت، ئەو وڵاتانەش ستراتیژی خۆیان بە سەردانكردن ناگۆڕن.

 

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەرلەبەیانى ئەمڕۆ گەیشتە ئەمریکا و لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و گەورە بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتەدا كۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر واشنتۆن چەند جارێك سەردانێكی عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانى پێشوویان دواخست و بۆ دواجاریش هەڵیانوەشاندەوە.

 

  

مالیكی كە لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا بەشداریكرد وتى، "ئایا ئەوە یەكەم جارە كە دەچینە ئەمریكا..؟ ئایا من پێنج جار سەردانی ئەمریكام نەكردووە..؟ بیروباروەڕ و باكگراوندی ستراتیژی جیهان بە سەردان ناجوڵێت، بەتایبەت ئێمە ڕۆڵی ئەمریكی دەزانین كە دەیەوێت لەعێراقدا بێت".



لەسەردەمی ویلایەتەكەیدا لەنێوان ساڵانی 2006 و 2014 مالیكی چەند سەردانیكی بۆ ئەمریكا ئەنجامداوە، سەردانەكەی ساڵی 2011 زۆرترین مشتومڕی لێكەوتەوە كاتێك كە بەیاوەری باراك ئۆباما سەردانی گۆڕستانێكی سەربازە ئەمریكییەكانی كرد كە لە شەڕی عێراقدا كوژران.

 

مالیكی باسی لەوەكردووە، ئەمریكیەكان دەیانەوێت ئێرانییەكان لە عێراقدا دەربكەن، ئەوانیش دەڵێن ئێرانیەكان سەربازگەیان لە عێراقدا نییە، ئەوەشی كە عێراقی لەگەڵ ئێراندا كۆكردووەتەوە، پەیوەندییە سیاسییەكانە.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەمریكیەكان دەشیانەوێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێننەوە، ئەوەش پرسێكی ناوخۆییە. هەروەها سەرباری پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هۆشداری ئەوەشیدا كەژمارەیەك لەهێزەكانی ئەمریكا دەربكرێن و ژمارەیەكی دیكەشیان بمێننەوە.



مالیكی دەڵێت، "پێویستمان بە پسپۆڕە ئەمریكییەكان هەیە نەك هێزە چەكدارەكانیان، لە ویلاتەكەمدا چەكی ڕوسیمان كڕی، بەواتای ئەوەی پێویستمان بە پسپۆڕی ڕووسی هەیە، لە ماوەیەكیشدا ژمارەی پسپۆڕە ڕووسەكان گەیشتنە 29 هەزار، مادام چەكی ئەمریكیشمان هەیە، پسپۆڕی بوارەكەشمان هەیە و ئێستا فڕۆكەی ئێف 16 و تانک و چەند چەكێكی دیكەی ئەمریكیمان هەیە نەخراونەتە خزمەتەوە بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی ئەمریكیەوە.