گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەى چەند ساڵە ئەم پارەیە بۆ کوێ چووە؟

دوای مانگێک لە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان لەلایەن سوپاوە.. داهات پێنج هێندە زیادی کردووە

2020.08.18 - 23:44
دوای مانگێک لە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان لەلایەن سوپاوە.. داهات پێنج هێندە زیادی کردووە

ناس کورد- 

دەستەى دەروازە سنوریيەكانى عێراق ئاشكرايكرد، تەنها ڕۆژى دووشەممە داهاتی دەروازەکان پێنج مليار دينار (چوار مليۆن دۆلار) بووە، هەروەها داهاتی گشتیی مانگى پێشووی دەروازە سنوریيەكان گەيشتە 400 مليۆن دۆلار، بەڵام ئايا چەندين ساڵە ئەم پارەيە بۆ كوێ چووە؟

 

ماڵپەڕى حوڕەی ئەمریکی لەزارى سەرچاوەيەكى دەستەى دەروازە سنوریيەكانەوە بڵاويكردوەتەوە، ئەو ژمارانە ئەوە پيشان دەدەن كە 20% بۆ 30% داهات بەرزبووەتەوە بەراورد بە ساڵى 2019.

 

سەرچاوەکە دەشڵێت، داهاتى ساڵى ڕابردوو مانگانە لەنێوان 30 بۆ 120 مليار دينار (40 بۆ 100 مليۆن دۆلار) بووە، داهاتى مانگى چوارى 2019ش بريتى بووە لە 38 مليار دينار و مانگى پيێنج 64 مليار و مانگى شەش 80 مليار، هەروەها لە مانگى حەوتيشدا 76 مليار دينار بووە.

 

ئەگەر بەراورد بكرێت، داهاتى مانگى حەوتى ئەمساڵ پێنج هێندەى داهاتى هەمان مانگى ساڵى ڕابردوو بووە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى كە لە ئێستادا ڤايرۆسى كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و زۆربەى دەروازە سنوریيەكان داخراون.

 

چوار مانگى سەرەتای ساڵى 2018 دەروازە سنوریيەكانى عێراق داهاتيان 248 مليار دينار (200 مليۆن دۆلار) بووە، ئەوەش نيوەى ئەو داهاتەيە كە لە يەك مانگى ئەمساڵدا بەدەستهاتووە دواى ئەوەى سوپا كۆنترۆڵى دەروازە سنوريیەكانى كرد.

 

دەستەكە ئەوەى ئاشكراكردووە، سەرەڕاى ئەوەى باج لەسەر زۆر كاڵا لابراوە، بەڵام داهاتێكى زۆر بەدەستهاتووە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى هاوردەکردنی بەهۆی داخستنی دەروازەکان بەهۆی کۆرۆناوە كەمبووەتەوە.

 

شارەزايان باس لەوەدەكەن، داهاتى عێراق بەشێوەيەكى گەورە پاشەكشەى كردووە، ئەوەش بەهۆى لاوازبوونى جموجوڵی ئابورييەوە كە بەهۆى كۆرۆناوە دروستبووە.

 

مازن بەهيە، شارەزاى ئابورى دەڵێت، داواكارى لەسەر هاوردە 30% بۆ 40% كەميكردووە، ئەوەش بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا و خاوبوونەوەى ئابورى و هاوردەنەكردنى چەندين جۆر كاڵا لەلايەن حكومەتەوە، چونكە بەرهەمى ناوخۆ بەشى پێداويستى ناوخۆ دەكات.

 

بەپێى هەڵسەنگاندنى پەرلەمانتاران و شارەزايان، داهاتى ساڵانەى دەروازە سنوريەكان لە نێوان 10 بۆ 15 مليار دۆلاردايە، بەڵام 90%ى ئەو داهاتە ناچێتە خەزێنەى حكومەت، بەڵكو دەچێتە گيرفانى گەندەڵكاران.

 

پێشتريش فازڵ فەتلاوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق ئەوەشى ئاشكرا كردبوو، دەروازە سنوريیەكان ساڵانە تەنها يەك مليار دۆلاريان ڕادەستى حكومەت كردووە، لە كاتێكدا پێويست بوو كە 10 مليار دۆلار ڕادەست بكەن، بەڵام ئەو پارەيە چووەتە گيرفانى كەسە باڵادەست و گەندەڵەكانەوە.

 

سەرچاوەيەكى تر لە دەستەى بەندەرەكانەوە ئاشكرايكردووە، بەندەرەكان داهاتى ساڵانەيان زۆر زۆرە، بەڵام لەساڵى 2005ەوە لەلايەن حزب و ميليشياكانەوە دابەش كراون، ئەو مافيايانە بەرتيل وەردەگرن بۆ دەربازكردنى كاڵا و هێنانە ناوەوەى كاڵاى خراپ.