گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوەی نوێ: حزبە ئیسلامییەکان ئامادەنەبوون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان بێنە پاڵمان

2020.08.18 - 22:14
نەوەی نوێ: حزبە ئیسلامییەکان ئامادەنەبوون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان بێنە پاڵمان

ناس کورد-

بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو دووبارە خۆپیشاندان لە سەرانسەری هەرێم بەڕێوەبچێت و ئەندامێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێش دەڵێت، حزبە ئیسلامییەکان وەڵامیان نەداونەتەوە بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەدا.

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا داوای لە هەریەک لە کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی  ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی کرد کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی پێکەوە ڕۆژێک دیاریبکەن بۆ کاتی خۆپیشاندان و ئەو حزبانەش بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن.

 

ئێوارەی ئەمڕۆش، شاسوار عەبدولواحید لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگیاند، ڕۆژی شەممە لە سەرانسەری هەرێم خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و داوای لە هاووڵاتیان کرد بەشداری لە خۆپیشاندانەکە بکەن.

 

لەوبارەیەوە فاروق غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "حزبە ئیسلامییەکان وەڵامیان نەداینەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە و خۆپیشاندانەکە."

 

وتیشی، حزبی شیوعی خۆپیشاندانەکەی ڕابردووش بەشداریان لەگەڵ کردوون و ئامادەبوون بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن و خۆیان یەکێک بوون لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە، بەڵام هیچ یەکێک لە حزبە ئیسلامییەکان ئامادەنەبوون بەشداریان لەگەڵ بکەن.

 

ئەو بەرپرسەی جوڵانەوەی نەوی جەختیشیکردەوە، لە خۆپیشاندانەکەی ئەمجارەش بەگڕوتینێکی بەرزەوە پێشڕەوی خۆپیشاندەران دەکەن و پشتگیری تەواوی مافە ڕەواکانی هاووڵاتیان دەبن.