گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە سێوان و منداڵەکانی سوتاندووە؟

ئەگەر و چۆنیەتی لەسێدارەدانی هاوسەرەکەى سێوان قادر (تایبەت)

2020.08.18 - 21:24
ئەگەر و چۆنیەتی لەسێدارەدانی هاوسەرەکەى سێوان قادر (تایبەت)

ناس کورد-

دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریدا بەتۆمەتی کوشتنی ژن و منداڵەکانی، سەرچاوەیەک لە دادگای سلێمانی دەڵێت، هاوسەرەکەی سێوان قادر دانی بەتاوانەکەیدا نەناوە و تا کۆتایی نکۆڵی کردووە، دەشڵێت، ئەگەر سەرۆکایەتیی هەرێم مەرسومی هەرێمیی بۆ لەسێدارەدانی (دیاری) هاوسەری سێوان دەربکات ئەوا فەرمانی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێدەکرێت.

 

لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 2018 لە ڕووداوێکی گوماناویدا لە چەمچەماڵ  سیوان قادر و سێ منداڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیان سووتان و سێ منداڵەکەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، دوای یەک هەفتەش مانەوە لە نەخۆشخانە، سێوان قادریش گیانی لەدەستدا و پێش گیانلەدەستدانی ئەوەی ئاشکراکردبوو کە (دیاری) هاوسەری ئەوانی سووتاندووە.

 

دوای ڕووداوەکە لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە و دەستخستنی بەڵگە پێکهێندرا، دوای تەواوبوونی کارەکانیشیان، ئەوەیان خستەڕوو: "بکەرێک لە تاوانەکەدا هەبووە و بەڵگەی تەواویشی لەسەر هەبووە، لیژنەکە ئەنجامی راپۆرتەکەیان ڕادەستی دادگا کرد"، تا ئەوەی دوای 16 جار دانیشتنی دادگا لە هەفتەی ڕابردوودا تاوانەکە بەسەر هاوسەرەکەی سێوان قادردا ساغ بووەو سزای لەسێدارەدانی  بۆ دەرچوو. 

 

لەوباریەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگای سلێمانی بە ناس کوردی وت: "بەگوێرەی یاساکانی سزادانی عێراقی هەر تاوانێکی کوشتن کە مادەی ( 406) دەیگرێتەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ماوەی (10)  ڕۆژدا ئاڕاستەی دادگای تەمییز دەکرێت، ئەگەر تاوانبارەکەش داوای ئەوە ڕێکارە نەکات".

 

 لە بارەی ئەوەی ئایا فەرمانی لەسێدارەدانەکە جێبەجێدەکرێت؟ یان وەک فەرمانەکانی دیکەی لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان ڕادەگیرێت و تاوانبار هەر لە زیندان دەمێنێتەوە، سەرچاوەکەى ناس کورد وتی: "بڕیاری جێبەجێکردنی لە سێدارەدان بە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم دەبێت، دوای ئەوەی دادگای تەمییز دەڕوانێتە دۆسییەکە دواتر ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی دەکات، ئەگەر سەرۆکی هەرێمیش واژوو لەسەر فەرمانی لەسێدارەدانەکە بکات ئەو فەرمانەکە جێبەجێدەکرێت".

 

سەرلەبەیانی ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2019  لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی یەکەم دانیشتنی دادگای مێردی سێوان قادر( دیاری)  بەڕێوەچوو، باوکی سێوانیش داوای لەسێدارەدانی کرد.

 

لەبارەی ئەوەی ئایا هاوسەرەکەی سێوان قادر دانای بەتاوانەکەیدا ناوە یاخود لەسەر بنەمای بوونی بەڵگە بڕیار لەسەر فەرمانی لەسێدارە دانەکەی لەلایەن دادگاوە دراوە؟.

 

ئەو سەرچاوەیەی دادگای سلێمانی باسی لەوەکرد: "هاوسەرەکەی سێوان قادر( دیار) دانی بە تاوانەکەدا نەناوە، تا کۆتایی دانیشتەکانیش نکۆڵی کردووە، بەڵام دادگا لەسەر بوونی بەڵگە بەهێز و حاشاهەڵنگر بڕیارەکەی داوە".

 

دوای نزیکەی 18 مانگ و 16 دانیشتنی دادگا، هەفتەی ڕابردوو 11ی ئابی 2020 دادگای سلێمانی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هاوژینی سێوان قادر دەرکرد. 

 

دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا، کەسوکاری سێوان لەبەردەم دادگا بۆ میدیاکان قسەیان کرد و قادر نوری، باوکی سێوان وتی: "داواکارم بە زووترین کات بڕیاری لەسێدارەدانەکە واژووبکرێت و  جێبەجێبکرێت".