ناس کورد-
ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە کردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی نائاسایی بۆ بەنایاسایی ناساندنی لێببڕینی موچەی فەرمانبەران و تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی حکومەتی هەرێم لەدادگای تایبەتمەند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نوسراوەکەی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە کراوە، هاتووە: "وەک ئاشکرایە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ دووەمجار بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەرانی دا، ئەو کارە نایاساییە و هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نییە و پێشێلی مافی ڕەوای فەرمانبەرانە."
ئاماژەیان بەوەشكردووە: "ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە لەخوارەوە واژۆمان کردووە، داوادەکەین ئەنجومەنی ئەرکی نوێنەرایەتی خۆی لەجێی موچەخۆران جێبەجێبکات، بەم کارانە:
1- ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ بە نایاسایی ناساندنی ئەم کارەی ئەنجومەنی وەزیران و بە فەڕمی داواکردن لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق و دەزگا فیدراڵیەکان بۆ گێرانەوەی مافی خوراوی موچە خۆران.
2 -ئەنجومەنی پاریزگا وەک نوێنەری خەڵک و موچەخۆران، سکاڵای یاسایی لەدادگای تایبەتمەند لەدژی حکومەتی هەرێم تۆماربکات بۆ گێڕانەوەی مافی موچەخۆران.
ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەیان بەوەشکردووە: "ئەگەر ئەنجومەن لەبەر هەر هۆکارێک ئەو کارە ناکات، ئەوا ئێمە وەک ئەندامان ئەو کارە دەکەین."
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە 18ی ئابی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا، موچەی مانگی ئاداریش هاوشێوەی موچەی مانگی شوبات بەلێبڕینەوە دابەشبکرێت.