کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- شەهرام عەزیز
پڕۆژە یاسایەك بۆ خانەنشینكردنی رۆژنامەنووسان دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراق و لەگەڵ پەسەندكردنی پڕۆژەكەش رۆژنامەنووسان دەتوانن لەرێگەیەوە خانەنشین ببن و مووچەی مانگانەیان بۆ ببڕدرێتەوە.
.
بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"لە ڕابردوودا پڕۆژە یاسایەك هەبوو تایبەت بە خانەنشینبوونی رۆژنامەنووسان، بەڵام پڕۆژە یاساكە پەسەند نەكرا، ئێستا ئەو پڕۆژە یاسایە زیندوو كراوەتەوە و كاری لەسەر دەكەین".
.
بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی، بەپێی پڕۆژە یاساكە هەركات رۆژنامەنووسێك وازی لەكاری رۆژنامەنووسی هێنا مووچەی خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە.
.
روونیشیكردەوە، هەر كات پڕۆژە یاساكە پەسەند كرا میكانیزمێك دەستنیشان دەكرێت بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی مووچەكە. ئاماژەی بەوەش كرد كە پێدەچێت وەك سەندیكاكانی تر مانگانە بڕە پارەیەك لە رۆژنامەنووسان وەربگیرێت و دواتر وەك مووچەی خانەنشینی بیاندرێتەوە.
.
بەهار مەحمود روونیدەكاتەوە ئەگەر پڕۆژەكە بوو بە یاسا هەرێمی كوردستان ناچارنییە جێبەجێی بكات، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە لەئەگەری رەزامەندبوونی هەرێمی كوردستان لەسەر یاساكە دەبێت لەپەرلەمانی كوردستان بخرێتە دەنگدان و پەسەند بكرێت.
.