گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

خۆی كاندید كردووە بۆ وەزیری پێشمەرگە

مستەفا چاوڕەش بەرنامەی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات

2019.04.23 - 12:55
مستەفا چاوڕەش بەرنامەی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات

ناس كورد- شەهرام عەزیز
مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پێشمەرگە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا كاندید كردووە بەرنامەی خۆی بۆ ئەو وەزارەتە ئاشكرا دەكات.

.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"هەر ئەو كاتەی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەكێتی یەكلایی بوویەوە، بە سەركردایەتی یەكێتیم وت دەمەوێت خۆم كاندید بكەم، ئێستاش خۆم كاندید كردووە لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی دیكەدا و هەموو كەسیش ئازادە كە خۆی كاندید بكات".

.
وەزارەتی پێشمەرگە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ یەكێتی نیشتیمانی یەكلایی بووەتەوە و تا ئێستا سێ كەس بۆ ئەو پۆستە خۆیان كاندید كردووە.

.

بەپێی زانیارییەكانی (ناس كورد) تا ئێستا لەناو یەكێتی سێ كەس بۆ پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان كاندید كردووە، كە پێكهاتوون لە مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی و جەبار یاوەر ئەمینداری ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە و شۆڕش ئیسماعیل ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، جگە لەوەی لە سەرەتاوە جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردبوو، بەڵام دواجار كشایەوە.

.
مستەفا چاوڕەش لە بارەی بەرنامەی خۆی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە ئەگەری بوون بە وەزیری ئەو وەزارەتە روونیكردەوە، كاری لە پێشینەی یەكخستنەوەی یەكەكانی70 و 80 دەبێت لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا وەك هێزێكی ڕێكخراو و یەكگرتوو، وتیشی "گرنگترین كارێك كە پێویستە بكرێت، دروستكردنی هێزێكی نیشتیمانییە".

.

كاندیدەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە ئەوە بە وەزیر ناكرێت و پێویستی بە ڕێككەوتنی سیاسییە، بەڵام هەوڵی تەواو دەدات بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان.

.
پێشتریش لە لێدوانێكیدا بۆ ناس كورد، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند بوو خۆی بۆ پۆستی وەزیری كاندید كردووە و سی ڤی پێشكەشی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە.

.

هەرچەندە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، پۆستی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییە، جەبار یاوەریش ئەندامی هیچ كام لەو دەزگایانە نییە، بەڵام ئەو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "سوورە لەسەر خۆ كاندیدكردنی".

.