گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’داڕوخانى ئابورى لەپێشە’

لیژنەى دارایی پەرلەمان هۆشدارى لە بەردەوامى قەرزکردن دەدات

2020.08.18 - 11:33
لیژنەى دارایی پەرلەمان هۆشدارى لە بەردەوامى قەرزکردن دەدات

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق هۆشداریدا لە "داڕوخانى ئابورى و دارایی چاوەڕوانکراو" لەئەگەرى بەردەوامى قەرزکردن لەلایەن حکومەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات قەبارەى قەرزى دەرەکى گەیشتووەتە نزیکەى دوو ملیار دۆلار.

 

عەبدولهادى سەعداوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "قەبارەى قەرزى دەرەکى دەگاتە 5.1 ـ 2 ملیار دۆلار، دواى ئەوەى زۆرێک لە وڵاتان ئامادەییان نیشانداوە بۆ پێدانى قەرز بە عێراق".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، قەرزى دەرەکى خراپترینە و لیژنەکەیان لە پڕۆژە یاساى ساڵى 2019 توانیبووى پرسی قەرزکردن لە بودجە بوەستێنێت.

 

بەپێی پڕۆژە یاساى قەرز کە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە پەسەندکراوە، حکومەت دەتوانێت بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە، تا بڕى پێنج ملیار دۆلار قەرزى دەرەکى و 15 ترلیۆن دینار لەناوخۆ قەرز بکات.

 

ئیخڵاس دلێمى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، زۆر هۆکار هەیە کە بەهۆیەوە لەرابردوودا وڵاتان قەرزیان نەداوە بە عێراق.

 

رونیشیکردووەتەوە "ناڕوونى روانگەى ئابورى و دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت و بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و داڕوخانى نیمچەیی لە وڵات، وایکردبوو بەشێک لە وڵاتان قەرز نەدەن بە عێراق".

 

بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆى سەقامگیریی ڕێژەیی دواى پێکهێنانى حکومەتى مستەفا کازمى، زۆرێک لە وڵاتان دەستى یارمەتیان بۆ عێراق درێژکردووە، بەتایبەتى کە عێراق تواناى هەیە قەرزەکان بداتەوە.

 

جەختیشیکردووەتەوە، ناکرێت فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەکانى دیکە بەهۆى قەیرانى داراییەوە موچەکانیان دوابکەوێت، بۆیە یاساى قەرزیان پەسەندکردووە بەمەرجى توندەوە.