گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بەڵێنەکان جێبەجێنەکران’

خانەوادەى ئەحمەد رازى قسەى نوێ لەبارەى گیانلەدەستدانییەوە بە کۆرۆنا دەکەن

2020.08.18 - 08:58
خانەوادەى ئەحمەد رازى قسەى نوێ لەبارەى گیانلەدەستدانییەوە بە کۆرۆنا دەکەن

ناس کورد-

خانەوادەی ئەحمەد رازی، یاریزانی دێرینی تۆپی پێى عێراق کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچى دواییکرد، سەرکۆنەی ڕەفتاری بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیان کرد کە تێیدا چارەسەری وەردەگرت، حکومەتیش تۆمەتبار دەکەن بەلەمپەر خستنە بەردەم گواستنەوەی بۆ پایتەختی وڵاتی ئەردەن  بەمەبەستی چارەسەرکردنی.

 

 

خانەوادەی ئەحمەد رازی، لەرونکردنەوەیەکدا لەباری دۆخی گیانلەدەستدانییەوە ڕایانگەیاند "بەردەوام لە پەیوەندیدابووین لەگەڵ کاپتن ئەحمەد رازی کاتێک لە نەخۆشخانەی (نوعمان) لە شاری بەغدا چارەسەری وەردەگرت، کچەکەی دکتۆرە هەیا و دەستگیرانەکەی دکتۆر یەزن بەردەوام  لەپەیوەندیدا بوون لەگەڵ ستافی نەخۆشخانەکە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە "دوای دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە ڕۆژی 15ی حوزیران 2020هاوژینەکەی ویستی لە عەمانەوە بێت بۆ بەغدا، بەهۆی دۆخی کۆرۆنا پەیوەندییان بە وەزیری وەرزش ولاوانی عێراق کرد (عەدنان دەرجال) بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ بکەن لەترسی ئەوەی نەوەک ئەو فڕۆکەیەی کە بەڵێن درابووە کاپتن ئەحمەد بگوازێتەوە بۆ عەمان دوابکەوێت".

 

خانەوادەى ئەحمەد رازى دەڵێن "پاش ئەوەی بەرپرسانی عێراق هاوسەرەکەیان دڵنیاکردوەتەوە کە بەزووترین کات فڕۆکەکە ئامادە دەکەن، هاوسەرەکەی لە بیرۆکەی گەشتکردن بۆ عێراق پەشیمان بووەوە".

 

ئەوەشیان خستووەتەڕوو "بەرپرسانی عێراق جەختیانلەوەکردووەتەوە هەموو ڕێکارەکانی گۆاستنەوەی ڕازی لەگەڵ فڕۆکەخانەی شازادە عەلیا لە ئەردەن تەواو بووە و لە ماوەی دووڕۆژدا رازی دەگوازنەوە بۆعەمانى پایتەختی ئەردەن".

 

 خانەوادی ئەحمەد ڕازی بەنیگەرانییەوە باس لە بەڵێنەکانی بەرپرسانی عێراق دەکەن و دەڵێن، "بەداخەوە تەنها بەڵێنەکانیانمان بیست، بەڵام لە واقیعدا جێبەجێنەکران".

 

هەروەها ڕەخنەیان لە ڕەفتار و شێوازی مامەڵەى بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نوعمان گرتووە و ئاماژەیان بەوە کردووە "سەرباری دۆخی تەندروستی کاپتن ئەحمەد و خراپی باری دەرونی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بەشێوەیەکی نابەرپرسانە پرسیاری ئاڕاستەی کاپتن ئەحمەد دەکرد بەبێ ئەوەی ڕەچاوی باری تەندروستی بکرێت کە لەژێر ئامێری هەناسەداندا بوو".

 

"بە ئاواتبووین لە کاتی بوونی لە نەخۆشخانەدا هاودەنگی بین، بەڵام  هۆکاری زۆر ڕێگر بوون لەوە، ئەوەش فەرمانی خوای گەورەیە ئێمەی پێی ڕازین"، خانەوادەى ئەحمەد رازى وادەڵێن.

 

دەشڵێن، لەزووترین کاتدا سەردانی گلکۆکەی دەکەن و لەماوەی ڕابردووشدا بەهۆی قەیرانی  کۆرۆنا و ڕاگرتنی گەشتەکان نەیانتوانیوە ئەو سەردانە ئەنجامبدەن.

 

رۆژى 21ى حوزەیرانى ئەمساڵ ئەحمەد رازى ئەستێرەى پێشووى تۆپى پێی عێراقى دواى نزیکەى هەفتەیەک ململانێ لەگەڵ ڤایرۆسى کۆرۆنا لەتەمەنى 56 ساڵیدا کۆچى دواییکرد.