گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی دەروازە سنورییەکانی عێراق بۆ ناس کورد دەدوێت

ڕێککەوتنەکەى هەرێم و بەغدا ئاڕاستەى دەستەى دەروازە سنورییەکان دەکرێت

2020.08.17 - 22:20
ڕێککەوتنەکەى هەرێم و بەغدا ئاڕاستەى دەستەى دەروازە سنورییەکان دەکرێت

ناس کورد- 

وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنى وەزیران لە ناوەرۆکى رێککەوتنەکەى لەگەڵ هەرێم ئاگاداریان دەکاتەوە و ئەوکات میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ دەروازە سنورییەکانی هەرێم روندەبێتەوە.

 

ناوەڕاستى ئەم مانگە هەردوو سەرۆکوەزیرانى عێراق و هەرێم رێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنى کێشە داراییەکانى نێوان هەردوولا، بەجۆرێک بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار رەوانەى هەرێم بکات بەپێی بارودۆخى دارایی.

 

رێککەوتنەکە لە حەوت خاڵ پێکهاتووە و یەکێکیان تایبەتە بە بەڕێوەبردنى گومرگ و دەروازە سنورییەکانى هەرێم و ناردنى فەرمانبەرانى دیوانى چاودێرى عێراق بۆ دەروازەکان بەمەبەستى وردبینى لەداهاتەکانیان.

 

عەلادین قەیسی، وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کورد وتی، "ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە لە نێوان هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنێکی حکومییە، ئێمە تائێستا لە ناوەڕۆکەکەی بەتایبەتی ئەو خاڵانەی کە پەیوەندیان هەیە بە پرسی دەروازە سنورییەکانی هەرێم ئاگادارنەکراوینەتەوە".

 

وتیشی، "بڕیارە سبەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە نوسراوێک لە دەقی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئاگاداربکرێینەوە، ئیمەش لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویدەکەینەوە".

 

سەبارەت بەوەی ئایا میکانیزمی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەروازە سنورییەکانی هەرێم بە چ شێوەیەک دەبێت؟ ئایا بە هەمان شێوەی دەروازە سنورییەکانی باشوری عێراق دەبێت یان نا، قەیسی وتی، "تاوەکو دەقی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوو حکومەت نەگات بەدەستمان ناتوانین پێشبینی هیچ شتێک بکەین، سبەی هەموو شتێک ڕووندەبێتەوە".

 

لەسەرەتای مانگی تەموزی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران دەروازە سنورییەکانی لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە خستە ژێر ڕکیفی خۆیەوە و لەچنگی میلیشیاکان دەریکرد.

 

بەپێی وتەى بەرپرسانى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق، لە ئێستادا و لە دوای مانگێک لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە مانگانە زیاتر لە 500 ملیار دینار داهات گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیش لە دەروازەکان قەلاچۆکراوە. 

 

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەروازە سنورییەکانى هەرێم لەدەرەوەى کۆنترۆڵى حکومەتى عێراقدان، بەڵام بەرپرسانى بەغدا تا ئێستا چەندینجار خواستى خۆیان خستووەتەڕوو بۆ بەڕێوەبردنى دەروازەکان بە هاوبەشى لەگەڵ هەرێم.

 

ئەو پرسە یەکێک بوو لە گەرمترین پرسەکانى دانوستانەکانى چەند مانگى ڕابردووى هەرێم و بەغدا بەڵام ئەوکات نەگەیشتن بەرێککەوتن، بەڵام دواى رێککەوتنەکەى ناوەڕاستى ئەم مانگە هەرێم رازى بووە بەوەى فەرمانبەرانى چاودێرى دارایی عێراق رەوانەى دەروازە سنورییەکانى هەرێم بکرێن، کە پێدەچێت ئەوە هەنگاوێک بێت بۆ رێککەوتنى کۆتایی لەسەر ئەو پرسە.

 

ئەمڕۆش وەزارەتى دارایی عێراق لەبەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە لەسەر ئەنجامدانى گفتوگۆ بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى کاتى پەیوەست بە گومرگ و داهاتى نەوت و پابەندبوونى هەرێم بە رێککەوتنى (ئۆپیک پڵەس) و یەکلاکردنەوەى قەرزەکانى بانکى بازرگانى عێراقى TBI کە پێویستە لەماوەى 30 رۆژدا یەکلابکرێنەوە.  

 

ئاماژەی بەوەشکردووە "وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لە پابەندبوون بە ئەرکە دەستورییەکانی خۆی بۆ چاکسازیی ئابوری و دارایی دەکاتەوە و لەوچوارچێوەیەشدا پابەندیی خۆی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە".

 

وەزارەتى دارایی عێراق باسى لەوەشکردووە "پرۆژەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا پێشکەش دەکرێت لەو پرۆژەیەشدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دیاریدەکرێت."