گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موچە بە لێبڕینەوە؟

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی پێشخست بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی موچە

2020.08.16 - 14:20
App store icon Play store icon Play store icon
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی پێشخست بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی موچە

ناس کورد-

وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری داوە بە پێشخستنی کۆبوونەوەکەى بۆ تاوتوێکردنی میکانیزم و چۆنیەتی دابەشکردنی موچەى ئەم مانگەى فەرمانبەران دوای هاتنی پارەکەى بەغدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی ئابی 2020، سەمیر هەورامی تایبەت بە ناس کوردی وت، "بە هەوڵی شاندی دانوستانکاری حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتى هەرێم و سەرۆکى هەرێم، بەغدا ڕازی بوو بە ناردنی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم وەک ڕێگەخۆشکردن بۆ ڕێککەوتن."

 

وتیشی، "بڕیارە لەم یەک دوو ڕۆژەدا پارەکە بگاتە هەرێم و لەگەڵ داهاتی ناوخۆیی دەستدەکرێت بە دابەشکردنی موچە، بەڵام ڕەتیکردەوە ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکات."

 

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەنجومەنی وەزیرانی بڕیاری داوە بە پێشخستنی کۆبوونەوەی چوارشەممەى داهاتووی پێشبخات بۆئەوەى زووتر تاوتوێی میکانیزمەکانی دابەشکردنی موچە بکات و جەختیکردەوە کە پێویستە "وەزیری دارایی ڕاپۆرتی خۆی ئامادە بکات کە چەندە پارە لە خەزێنەی حکومەت هەیە بۆئەوەى بزانین دەتوانین موچە وەک خۆی دابەش بکەین یاخود پێویستی بە لێبڕین هەیە."

 

ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە بابەتی دەروازە سنورییەکانی ئامادەیی خۆی بۆ ڕێککەوتن نیشانداوە بەڵام بەپێی دەستور.

 

هاوکات دوێنێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان ڕێککەوتن و بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە موچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.  

  

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکەی حکومەتی هەرێم، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.  

  

ئەوەش هاتووە: "لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو. "  

  

ئاماژە بەوەشكراوە:"لە سەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش، لە سەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕێککەوتن و بڕیاردرا ، بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێم بکرێت."  

  

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردەوە.