گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەرێم و بەغدا دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ’’

بەشیر حەداد: کازمی ئەو فریادڕەسە نییە کە بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم وێنای دەکەن

2020.08.15 - 17:01
بەشیر حەداد: کازمی ئەو فریادڕەسە نییە کە بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم وێنای دەکەن

ناس کورد-

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەرێم ئامادەی جێبەجێکردنی هەموو ئیلتیزامە دەستورییەکانییەتی بەرامبەر بەغدا و بەمنزیکانەش هەردوولا دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، دەشڵێت، کازمی ئەو فریادڕەسە نییە کە هاوڵاتیانی هەرێم وێنای دەکەن.

 

ماوەی چەند مانگێکە هەرێم و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێکی گشتگیر و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوانیان، هەرچەندە هەردوولا باسیان لە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن دەکرد، بەڵام لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا پێچەوانەی ئەوە ڕوویدا و هەردوولا یەکیان بە هۆکاری ڕێکنەکەوتن تۆمەتبارکرد.

 

زیاتر بخوێنەوە: ناس کورد زانیارى نەبیستراو لەبارەى ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا بڵاودەکاتەوە

 

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی کورد و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەمنزیکانە هەردوولا دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەربەستی زۆر گەورە لەبەردەم ڕێککەوتندا نییە و ئومێدمان هەیە لەزووترین کاتتدا بگەنە ڕێککەوتن."

 

وتیشی: "هەرێم و بەغدا هەردوولا پێویستیان بەیەکە و پێویستە بگەنە ڕێککەوتن و ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بۆئەوەی چیتر هاوڵاتیانی هەرێمیش نەبنە قوربانی."

 

لەدوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیوانی دەکەن و پێیوانوایە کارەکانی لە بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیانی عێراقە.

 

بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەکرد، نە مستەفا کازمی ئەو فریادڕەسەی هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمە و نە ئەو کەسەشە کە بە فریادڕەس وێنا بکرێت و ئەو هیوایانەی لەسەر هەڵبچنرێت.

 

دەربارەی ئەوەی حکومەتی هەرێم هۆکاری ڕێکنەکەوتن بێت، جێگرە کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت دانوستان بکات و ئەوە لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا هاتووە و هەر لەگەڵ پێکهاتنی کابینەکە چەند جارێک شاندی هەرێم چووەتە بەغدا بۆ ڕێککەوتن.

 

بەشیر حەداد جەختیشیکردەوە، ئەوکات و ئێستاش هەرێمی کوردستان بەسەرجەم مەرجە دەستورییەکانی بەغدا ڕازییە و ئامادەیە هەموو ئیلتیزامە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێبکات، بەمەرجێک بەغداش ئامادەبێت ئیلتیزامە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێبکات.

 

هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوە ئاگادارەکان لە حكومەتی عێراق بۆ ناس کورد ئاشکرایانکرد، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو حكومەتەکەى مستەفا كازمی بڕیاری خەرجكردنی 320 ملیار دیناری داوە بۆ هەرێمی كوردستان وەك مینحەیەك تا ئەوكاتەی هەولێر و بەغدا پرسی دەروازە سنورییەكان چارەسەر دەكەن و بەرچاویان ڕوون دەبێتەوە بۆ داڕشتنی بەشە بودجەی ساڵی دارایی ئایندە (2021) كە پاش چوار مانگ و نیویتر دەست پێدەكات و پێدەچێت ئەم هەفتەیە ئەو پارە بگاتە هەرێم. 

 

لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا ئەو ژمارانەی باسدەکرێن هیچیان فەرمی نین و هیچ ڕێککەوتنێکی کاتی یاخود درێژخایەن لەسەر ئەو بڕە پارەیە نەکراوە کە بەغدا مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت.