گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ یەکەمجار هۆشدارییەکى مورسی لەبارەى ڕۆژانى دیاریکراوى لەسەر کورسی سەرۆکایەتى ئاشکراکرا

2020.08.15 - 15:55
بۆ یەکەمجار هۆشدارییەکى مورسی لەبارەى  ڕۆژانى دیاریکراوى  لەسەر کورسی سەرۆکایەتى ئاشکراکرا

ناس کورد-

کەسە نزیکەکانى محەمەد مورسی، سەرۆکى پێشووى میسر بۆ یەکەمجار ئاشکراى دەکەن کە مورسی زانیویەتى رۆژانى مانەوەى لەسەر کورسی سەرۆکایەتى دیاریکراوە و لەو بارەیەوە ئاگاداریکردوونەتەوە.

 

لە یەکەم چاوپێکەوتنیاندا لەگەڵ پێگەى میدڵ ئێست ئاى بەریتانى، نەجلا مەحمود، هاوسەرى مورسی و ئەحمەدى کوڕە بچوکى ئاشکرایانکردووە کە مورسی لەماوەى سەرۆکایەتییەکیدا (2012 - 2013) خانەوادەکەى ئاگادارکردووەتەوە کە خۆرئاوا ڕێگە نادەن ئیسلامییەکان حوکمى میسر بکەن.

 

مورسی کە کاندیدى ئیخوان موسلیمن بوو، ساڵى 2012  لەیەکەم هەڵبژاردنى ئازاددا دواى کەوتنى حوسنى موبارەک سەرکەوتنى بەدەستهێنا، بەڵام ساڵى 2013 عەبدولفەتاح سیسى، وەزیرى ئەوکاتەى بەرگرى لەرێگەى کودەتاى سەربازییەوە مورسی لەسەر کالابرد و خستیە زیندانەوە.

 

هاوسەرى مورسی دەڵێت، "هەرچەندە پرۆسەى ئیسلامى ئاشکرا و سەردەمیانەیە و بەرگرى لە پێکەوەژیانى ئاشتیانە دەکات، بەڵام مورسی دەیزانى کە وڵاتانى ناوچەکە ئاستەنگى بۆ پێشکەوتنى دروستدەکەن و رەنگە بیکوژن".

 

دەشڵێت "بەڵام من چاوەڕوانى روودانى رووداوى لەو شێوەیەم نەدەکرد، لەگەڵ ئەوەى باوەڕى تەواوم هەبوو بەوەى پێشبینییەکانى سەرۆک هەمیشە راست بوون".

 

لاى خۆیوە، ئەحمەدى کوڕى مورسی باسى لەوەکردووە، دڵنیان کە باوک و براگەورەکەى بەدەستى حکومەتى سیسى کوژراون.

 

باسى لەوەشکردووە، باوکى سکاڵاى زۆریکردووە لەسەر بوونى مەترسی لەسەر ژیانى لەکاتى دانیشتنەکانى دادگا، بەڵام کەس وەڵامى هاوار و خراپى دۆخى تەندروستى نەداوەتەوە.



پێگە بەریتانییەکە ئاماژەى بەدوایین هۆشدارى مورسی کردووە پێش مانگێک لە روودانى کوشتارگەى گۆڕەپانى رابیعە، کاتێک لە وتارێکدا پێش روودانى کودەتاکە جەختیکردبووەوە "ژیانم باجى پاراستنى شەرعیەتە، ئەگەر خوێنم باجى پاراستنى شەرعیەت بێت ئامادەم بۆ ئەوە لەپێناو سەقامگیریی گەلدا".