گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داهاتی یەک ڕۆژی دەروازەی سنوریی تەریبیل لە ئەنبار دوو ملیار دیناری تێپەڕاند

2020.08.15 - 15:15
داهاتی یەک ڕۆژی دەروازەی سنوریی تەریبیل لە ئەنبار دوو ملیار دیناری تێپەڕاند

ناس کورد-

دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق ئاشكرایکرد، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنە یاساییەكان بە فەرمانی مستەفا كازمی، لە ماوەى یەک ڕۆژدا لە خاڵی سنوری تەریبیل لە پارێزگای ئەنبار زیاتر لە دوو ملیار دیناری عێراقی بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە.

 

دەستەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوێنێ هەینی، 14ی ئابی 2020، دوو ملیار و 384 ملیۆن دینار لە کۆکردنەوەى باج و گومرگی سەر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە دەروازەکە کۆکراوەتەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو پارەیە بەپێی سەپاندنی دەرامەت بەسەر جوڵەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گرتنەبەری ڕێوشوێن و ڕێنماییەكان بووە لەلایەن فەرمانگەی دەروازە سنورییەكانەوە كە دوو ملیار و 150 هەزار دیناری لە ناوەندی گومرگییەوە بەدەستهاتووە و زیاتر لە 234 ملیۆن دیناریشی لە یەكەكانی باجەوە وەرگیراوە.

 

دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق باسی لەوەش كردووە، ئاماری داتاکانیان بەرزبووەتەوە ئەوەش لە ئەنجامی گرتنەبەری ئەو ئەركانەی كە یاساكان بۆ توندوتۆڵكردنی چاودێری و وردبینی و گەڕان و پشكینینی هێزە ئەمنیەكان و هاریكاركردنی هاوبەشی نێوان فەرمانگەی خاڵە سنورییەكان بووە، ئەوەش لەسەر بڕیاری سەرۆكوەزیران بۆ توندوتۆڵكردنی سەرچاوەكانی داهات لە خاڵە سنورییەكان و گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێكی چاكسازی دارایی و ئابووری.