گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو دەرچە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەئارادان

ناس کورد زانیارى نەبیستراو لەبارەى ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا بڵاودەکاتەوە

2020.08.15 - 13:55
ناس کورد زانیارى نەبیستراو لەبارەى ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا بڵاودەکاتەوە

ناس کورد-

سەرباری ناكۆكییە ئاشكرا و بەریەككەوتنە میدیاییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام دانوستانەكانی نێوان هەردوولا لەبارەی دیاریكردنی بڕە پارەیەكی مانگانە و پشكی هەرێم لە قەرزی دەرەكی هەنگاوی گەورەیان بڕیووە، ئێستا مشتومڕەكان لەسەر دۆزینەوەی میكانیزمێكە بۆ پرسی خاڵە سنورییەكان و بەشە بودجەی ساڵی 2021.

 

هەفتەى ڕابردوو هەرێم و بەغدا لە ڕێککەوتنێکى کۆتایی بۆ چارەسەرى کێشەکانیان لەسەر نەوت و بودجە و داهاتى گومرگ نزیکبوونەوە، بەڵام پێش ڕاگەیاندنى ڕێککەوتنەکە، هەردوولا دەستیانکردەوە بە تۆمەتبارکردنى یەکترى، بەوەش هەوڵەکان لەو بارەیەوە شکستیان هێنا.

 

تۆمەتەکان سەرەتا لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە ئاڕاستەى بەغدا کران بەوەى ئامادە نییە پارە بۆ هەرێم بنێرێت، دواتریش وەزارەتى دارایی عێراق وەڵامێکى توندى دایەوە و جەختیکردەوە حکومەتى هەرێم نەرمى نەنواندووە لە دۆسیەى داهاتى دەروازە سنورییەکان.

 

سەربارى تۆمەتبارکردنى یەکترى لەبارەى هۆکارى نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، بەپێی ئەو زانیارییانەى دەست ناس کورد کەوتووە، هێشتا ئەگەرى گەیشتن بە ڕێککەوتن کراوەیە و هەردوولا هەنگاوى زۆریان بڕیوە لەو بارەیەوە.

 

بەغدا پارە دەنێرێت

سەرچاوە ئاگادارەکان لە حكومەتی عێراق بۆ ناس کورد ئاشکرایانکرد، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو حكومەتەکەى مستەفا كازمی بڕیاری خەرجكردنی 320 ملیار دیناری داوە بۆ هەرێمی كوردستان وەك مینحەیەك تا ئەوكاتەی هەولێر و بەغدا پرسی دەروازە سنورییەكان چارەسەر دەكەن و بەرچاویان ڕوون دەبێتەوە بۆ داڕشتنی بەشە بودجەی ساڵی دارایی ئایندە (2021) كە پاش چوار مانگ و نیویتر دەست پێدەكات، پێدەچێت ئەم هەفتەیە ئەو پارە بگاتە هەرێم.



بەوتەى سەرچاوەكان، بەهۆی پابەندییە داراییەكانی سەر هەرێم و ئاڵۆزیی گرێبەستەكان، بەغدا ڕازی بووە، هەرێمی كوردستان خۆی مامەڵە بە نەوتەكەیەوە بكات، هەروەها بەوەش ڕازیی بووە هەرێم پشكی 17% هەبێت لە قەرزە سیادییەكانی وەبەرهێنان كە لە كابینەكانی پێشووتردا نەبووە.



لە دانوستانەکانى پێشوودا حکومەتى هەرێم ڕازى بووە کە نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان ڕادەستى بەغدا بکات، لەگەڵ داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە، بەڵام هەرێم ڕازى نەبووە بەغدا فەرمانبەرانى دیوانى چاودێرى دارایی ڕەوانەى خاڵە سنورییەکانى هەرێم بکات، ئەوەش بە هۆکارێکى سەرەکى نەگەیشتن بەرێککەوتن دادەنرێت.



خاڵى سەرەکى ناکۆکییەکان

بەپێی زانیارییەکانى ناس كورد، خاڵی سەرەكیی ناكۆكی لە دانوستانەكاندا پرسی چۆنییەتی بەشداریی حكومەتی ناوەندە لە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئێستا لەگەڵ دەروازە سنورییەكانی تری عێراق زۆرترین قسەو باس و چاویان لەسەرە بەتایبەت كە داهاتەكانی نەوت پاشەكشەی زۆریان بەخۆیەوە دیوە بەهۆی دابەزینی نرخ و دۆخی كۆرۆناوە. 

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، لایەنی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان ڕازی نییە بە گەڕانەوەی نوێنەرایەتی چاودێریی دارایی بەغدا بۆ خاڵە سنورییەكان، حكومەتی فیدراڵیش داوای جێبەجێكردنی مادەی 114 دەستور دەكات كە بەرێوەبردنی گومرگەكانی لەنێوان هەرێم و ناوەنددا بە هاوبەش داناوە. 

 

مادەى 114ى دەستورى عێراق حەوت پرسی دیاریکردووە کە پێویستە دەسەڵاتى فیدراڵى و هەرێمەکان بە هاوبەشى بەڕێوەی ببەن، کە یەکەمیان بەڕێوەبردنى کاروبارى گومرگییە بەهەماهەنگى لەگەڵ هەرێم و پارێزگا نەبەستراوەکان بەپێی یاسا.



دوو دەرچەى چارەسەر

ناس كورد زانیویەتی سەرباری مشتومڕ و ناكۆكییەكانی ئەمدواییە، ئێستا دوو دەرچە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەئارادان، یەكەمیان چارەسەری كاتی و مەودا خێرایە بەدابینكردنی 320 ملیار دیناری مانگانە تا گەیشتن لە رێككەوتنێكی گشتگیتر بەو مەرجەی (مقاصة) یەك هەبێ بۆ گێڕانەوەی كەم و زیادی خەرجی، دووەمیشیان چۆنیەتی جێگەكردنەوەی پشكی هەرێمە لە یاسای بودجەی 2021 و چارەسەركردنی پرسی دەروازو سنورییەكانە. 

 

لەئێستادا هەردوولا لەهەوڵی گەیشتنن بە ڕێككەوتن بەڵام دۆخی خراپی دارایی و ئاڵۆزی دۆسیەكان و كەڵەكەبوونی كێشەكان رێگربوون لە گەیشتن بە رێككەوتنی خێرا، شەڕە بەیاننامە و هەندێ كێشەیتری هونەری گەیشتنی 320 ملیاری ئەم مانگەی ڕاگرتووە. 

 

بەهۆی كورتهێنانەوە حكومەتی ناوەندی لە هەوڵی زیادكردنی داهاتە نا نەوتییەكان و گێڕانەوەی داهاتی خاڵە سنورییەكاندایە، جگە لەوەش ئێستا سەرقاڵی راگرتنی دیاردەی دوو موچەییە، ئەوەش بە ئامانجى پڕکردنەوەى کورتهێنان و دابینکردنى پارە بۆ خەرجییەکان و موچە.