گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسی باڵا لەناو ئەو کەسانەدان کە تۆمەتبارکراون بە تەقینەوەکەى بەیروت

2020.08.15 - 12:46
بەرپرسی باڵا لەناو ئەو کەسانەدان کە تۆمەتبارکراون بە تەقینەوەکەى بەیروت

ناس کورد-

سەرچاوەیەكی دادوەری لوبنان ئاشكرای دەكات، لەسەر تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت لە لوبنان، غەسان عوەیداتی، دادوەری گشتی ئەو وڵاتە تۆمەتی ئاڕاستەی 25 كەس كردووە كە لەنێویاندا بەرپرسی باڵا هەیە.

 

سەرچاوەیەكی دادوەری بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، هێشتا شێوازی تۆمەتەكان ڕوون نەبووەتەوە بەڵام سەرچاوە دادوەرییەكان باسیان لەوە كردووە گومانلێكراوان ڕەوانەی دادگای تاوانەكان دەكرێن بۆ دادگایكردنیان.

 

دەشڵێت، 19 لە تۆمەتبارەكان دوای تەقینەوەكەی 4ی ئابی بەندەری بەیروت بەمەبەستی لێكۆڵینەوە ڕاگیراون، تەقینەوە مەزنەکە بووەهۆی کوژرانی زیاتر لە 170 کەس و برینداربوونی شەش هەزاری تر، زیانە مادییەکانیش بە 10 بۆ 15 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێن.

 

پێشتریش میشێل عەونی، سەرۆكی لوبنان سووربونی خۆی لەسەر ئەوە ڕاگەیاند، کە لێكۆڵینەوەكان ڕێڕەوی خۆیان بەتەواوەتی دەگرنە بەر بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری تەقینەوەكە.



جەختیشی لەسەر خێرا تەواو كردنی كاروباری لێكۆڵینەوەكان كردووە بەپشتبەستن بەكەسانی شارەزا بۆ دەرخستنی ڕاستی تەواو لەبارەی تەقینەوەكە و ئەوانەشی كە لێ بەرپرسن لەهەر پلەو پۆستێكدان.