گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

روسیا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانى ڤاکسینەکەى دژى کۆرۆنا

2020.08.15 - 11:49
روسیا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانى ڤاکسینەکەى دژى کۆرۆنا

ناس کورد-

 

وەزارەتى تەندروستى روسیا دەستپێکردنى پڕۆسەى بەرهەمهێنانى ڤاکسینى "سپوتنیک V" ى دژە کۆرۆناى ڕاگەیاند، کە لەلایەن سەنتەرى "غاماليا" ى زانستى پەتاناسى و بایۆلۆجیاى ئەو وڵاتەوە گەشەى پێدراوە.

 

بەپێی میدیاکانى روسیا، پلانى پێدانى ڤاکسینەکە بە توشبووان دژى ڤایرۆسەکە بە دوو قۆناغ دەبێت، کە سێ هەفتە لەنێوانیاندا دەبێت.

 

پێشتر ميخائيل موراشكو وەزیرى تەندروستى روسیا ڕایگەیاندبوو، پێدانى ڤاکسینەکە بەتوشبووان لە روسیا بەشێوەى خۆبەخش دەبێت.

 

بەپێی وتەى بەرپرسانى روسیا، ئەو ڤاکسینە بەرگرى لەدژى کۆرۆنا لەناو جەستەى توشبوواندا دروستدەکات بۆ ماوەیەک کە دەگاتە دوو ساڵ.

 

ڕوژی (سێشەممە)ی ڕابردوو (11ی ئابی 2020) ، ڤلادمێر پۆتین، سەرۆکی ڕوسیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەتەکەی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی توانیویەتی یەکەم  ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەرهەمبهێنن وناویان ناوە  "سپۆتنیک v" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزو و توانای ڕوسیا کە توانیویەتی لە ساڵی 1957 یەکەم مانگی دەستکرد لە جیهاندا بەوناوە ڕەوانەی بۆشاییەکانی ئاسمان بکات".  

  

پۆتین ئەوەشی ئاشکراکرد یەکێک لەکچەکانی ڤاکسینە نوێیکەی لەخۆی داوە و وتی "کچەکەم لە  تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکەدا بەشداربووە و دوای ئەوەی ڤاکسینەکەى تاقیکردوەتەوە هەندێک پلەی گەرمی لەشی بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا باشە".  

    

دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی ڤاکسینە ڕوسییەکە، ئەمریکا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاتنە دەنگ و ڕایانگەیاند، ڕوسیا هیچ وردەکارییەکی دەربارەی پێوەرەکانی سەلامەتی و چونێتی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی تاقیکردنەوە تەختییەکانی دەربارەی ڤاکسینەکە ئاشکرا نەکردووە و ڕوسیا ژیانی هاووڵاتیانی خۆی خستووەتە مەترسیەوە.  

  

ڤاکسینە ڕوسیەکە لە لایەن ناوەندی پزیشکی (گامالیا)ى ڕوسییەوە بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بەرهەمهێنراوە، بڕیاریشە  تا سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی2021 ڕوسیا دەیان ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە دروست بکات و زیاتر لە 20 وڵاتیش لەجیهاندا داوای ڤاکسینەکەیان کردووە.