گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەندیکاکان لەدوو رۆژى داهاتوودا هەڵوێست ڕادەگەیەنن

مانگرتنى پزیشکان لە سلێمانى و گەرمیان و هەڵەبجە دژى دواکەوتنى موچە دەستیپێکردەوە

2020.08.15 - 10:57
مانگرتنى پزیشکان لە سلێمانى و گەرمیان و هەڵەبجە دژى دواکەوتنى موچە دەستیپێکردەوە

ناس کورد-

 

ژمارەیەک پزیشک لە سلێمانى و گەرمیان و هەڵەبجە مانگرتنیان ڕاگەیاند، بەهۆى دواکەوتنى پێدانى موچەکانیان لەلایەن حکومەتەوە و داوادەکەن بە زوترین کات موچەکانیان پێبدرێت.

 

پزیشکە مانگرتووەکان لەبەردەم نەخۆشخانەى شار لە سلێمانى گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕى بەرانبەر دواکەوتنى دابەشکردنى موچەکانیان.

 

محەمەد کەمال نوێنەرى پزیشکە مانگرتووەکان لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەى پێنج رۆژە نزیکەى هەزار پزیشک لەسنورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان و هەڵەبجە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و تا ئەوکاتەى موچە بەبێ لێبڕین بەسەریاندا دابەشدەکرێت بەردەوام دەبن لە مانگرتن.

 

مانگرتنى ئەو پزیشکانە لەکاتێکدایە، سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى بەنیازە لەدوو رۆژى داهاتوودا بڕیار لەسەر مانگرتنى کارمەندانى تەندروستى بدات، بەهۆى دابەشنەکردنى موچەوە.

 

هاوژین عوسمان سەرۆکى لقى سلێمانى سەندیکاى کارمەندانى تەندروستى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئەو پزیشکانە داواى پێدانى موچەکانیان دەکەن، ئێمەش وەکو سەندیکاکان لەدوو رۆژى ڕابردوودا هەڵویستى خۆمان ڕادەگەیەنین".

 

وتیشى "لەهەفتەى رابردوودا بەرپرسانى حکومەت بەڵێنیان پێداین کە سەرەتاى ئەم هەفتەیە موچەى تەندروستى دابەشبکرێت، بۆیە دوو رۆژى دیکە چاوەڕوان دەکەین، ئەگەر موچە دابەشنەکرێت هەڵویستى خۆمان ڕادەگەیەنین".

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان هێشتا وادەى دابەشکردنى موچەى ڕانەگەیاندووە، لەکاتێکدا زیاتر لە مانگێک بەسەر دابەشکردنى موچە لە مانگى ڕابردوودا تێپەڕیوە.

 

مانگى ڕابردووش بەهەمانشێوە پزیشک و کارمەندانى تەندروستى مانگرتنیان لەکارەکانیان ڕاگەیاند، پاشان حکومەت موچەى بەسەریاندا دابەشکرد.