گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری دەرەوەی عێراق پرسی هێرشەکانی تورکیای گەیاندە سێ وڵاتی ئەوروپی

2020.08.14 - 21:58
وەزیری دەرەوەی عێراق پرسی هێرشەکانی تورکیای گەیاندە سێ وڵاتی ئەوروپی

ناس کورد-

لە سێ پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا، وەزیری دەرەوەی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کرد و داوای لێکردن رۆڵیان لە وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر عێراق هەبێت.

 

لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند:" ئەمڕۆ هەینی 14ی ئابی 2020، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بە جیا گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە جان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەیمس کلیفرلی، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کردووە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق تاووتوێ کراون، بەتایبەت دەستدرێژی و هێرشەکانی تورکیا لەخاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەزیری دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی دوایین دەستدرێژیی تورکیای بۆسەر ناوچەی سیدەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە و داوای لە حکومەتی ئەو سێ وڵاتەش کردووە رۆڵیان هەبێت لە وەستاندنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا و هەروەها کشاندنەوەی ئەو هێزانەی کە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزیرانی هەرسێ وڵاتەکە پشتگیری و هاوسۆزی خۆیان بۆ عێراق دەربڕیوە و جەختیشیانکردووەتەوە کە دەبێت رێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت.