ناس کورد-
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵی وەزارەتەکەی بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی کە دوێنێ (پێنجشەممە) دەستدرێژیان کردە سەر ئەفسەرێکی پۆلیسی فریاکەوتنی بەغدا بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر فەرمانبەرێکی گشتی لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا بەگوێرەی یاسای سزدانی عێراق سێ ساڵ زیندانی دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند "وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری توندی گرتووەتەبەر بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کەدوێنێ ( پێنجشەممە) دەستدرێژیانکردبووە سەر ئەفسەرێکی پۆلیس لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیی و لە ئێستادا یەکێک لەو کەسانە دەستگیرکراوە و هەوڵەکانیش چڕکراونەتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەوانی تر".
وتیشی "ڕێگەدان بەخۆپێشاندانی ئاشتیانە یەکێکە لە مافەکانی خۆپێشاندەر، بەڵام کارمەندی ئاسایش لە هەمانکاتدا مافی خۆی هەیە، پارێزگاریکردنیش لە شکۆی و مافەکانی هێزە ئەمنییەکان یەکێکە لە داخوازییەکانی دەوڵەت".
مەعن ئەوەی خستووەتەڕوو" لەسەر ڕووداوەکە پەڕاوی لێکۆڵێنەوە کراوەتەوە و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ خۆیان بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن و ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵن".
وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیلەوەکردەوە "بەگوێرەی یاسای سزاکانی عێراق، هەر کەسێک هێرشبکاتە سەر کارمەندی ئەمنی بەپێی ماددەی (230) لە یاسای سزاکانی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵ بەند دەکرێت".
مەعن، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەفسەرەکە زۆر بەپیشەییانە مامەڵەی لەگەڵ دەستدرێژکاراندا کردووە وهەوڵیداوە خۆی، هاوڕێکانی، کەلوپەلەکانی و شکۆی دەوڵەت بپارێزێت".
دوێنێ ( پێنجشەممە) ژمارەیەک خۆپێشاندەر چوونە سەر شەقامەکانی بەغدا، بەرانبەر بە نوێنەکردنەوەی گرێبەستە کاتییەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕی و شەقامێکی سەرەکی ئەو شارەیان داخست، بۆ کردنەوەی ڕێگاکەش مەفرەزەیەکی هێزی ئەمنی چوە شوێنەکە، بەڵام خۆپێشاندەران ڕووبەڕوویان بوونەوە و لە ئەفسەرێکی پۆلیسی مەفرەزەکەیاندا بە ناوی ملازم وسام زوبێدی کە ئەفسەرە له پۆلیسی فریاكهوتنی بهغدا له بنکەی پۆلیسی ناوچهی ساڵحییه.
دوای ڕووداوەکەش یهحیا رهسوڵ، وتهبێژی فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان ڕاگەیاندراوێکی بڵاویکردەوە کە تێیدا هاتبوو،"مستهفا كازمی خهڵاتی ڕێزلێنانی بهخشیوهته ئەو ئەفسەرە و لهنوسراوێكیشدا سوپاس و پێزانیانی ئاراستهی كردوه و پله بهرزكردنهوهكهش شهش مانگ پێشخستوه، ئهوهش لهبهرانبهر ههڵوێستی یاسایی و پابهندبونی و بهباشی ههڵسوكهوتكردن و دانبهخۆداگرتنی لهگهڵ ژمارهیهك لهو كهسانهی بهناوی خۆپیشاندهرهوه هێرشیانكرده سهری".