گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری دارایی هەرێم: ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق راست نییە و وەڵاممان بۆی دەبێت

2020.08.13 - 16:18
وەزیری دارایی هەرێم: ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق راست نییە و وەڵاممان بۆی دەبێت

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی سەربەخۆی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەدواداچوونی بۆ ڕاگەیەندراوەکەی دوێنێی وەزارەتی دارایی عیراق کردووە و وەزیری دارایی هەرێم پێی ڕاگەیاندووە، ئەو شتانەی وەزارەتی دارایی باسی کردووە راست نییە و حکومەتی هەرێم وەڵامی بۆ ئەو رگەیاندراوە دەبێت.

 

مەم بورهان قانع، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "دەربارەی راگەیاندراوەکەی دوێنێی وەزارەتی دارایی عیراق، کە داوایان لە شاندی هەرێم کردوە، لەبەرانبەر جێبەجێکردنی تەنها بەندی دەستوریی دا لەسەر داهاتی خاڵە سنورییەکان، ئامادەن مانگانە 320 ملیار دینار رادەستی حکومەتی هەرێم بکەن، بەڵام حکومەتی هەرێم رازینەبوە، بەدواداچوونم کرد."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە بەدواداچوونەکەیدا، ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێم پێی ڕاگەیاندووە: "راست نییە و حکومەتی هەرێم وەڵامی بۆ ئەو رگەیاندراوە دەبێت".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بۆیە، پێشنیازدەکەم لە نزیکەوە هەردوو پەرلەمانی عیراق و کوردستان چاودێریی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بکەن و بێلایەنانە راستییەکان بۆ خەڵکی کوردستان و عیراق رابگەیەنن."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 12ی ئابی 2020، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەموو داواکارییەکی بەغدایان قبوڵکردووە، بەڵام بەغدا ئامادەنین شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن.

 

لەبەرامبەردا، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی حکومەتی هەرێمی دایەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەنییە خاڵە سنورییەکان بخاتەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە و داهاتەکەی ئاشكرابکات، هەربۆیە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.