گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاستی ڕوداوەكە چییە؟ 

ئەو كچەی ڤاكسینە ڕوسییەكەی وەرگرتووە كچی پۆتنە؟

2020.08.13 - 15:50
ئەو كچەی ڤاكسینە ڕوسییەكەی وەرگرتووە كچی پۆتنە؟

ناس کورد-

هاوكات لەگەڵ وتەكانی سەرۆكی ڕوسیا بۆ بەرهەمهێنانی یەكەم ڤاكسینی ڕوسی دژی كۆرۆنا، گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوبویەوە و تیایدا كچێك دەبینرێت کە ڤاکسین وەردەگرێت و وا بڵاوكرایەوە گوایە كچی ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی ڕوسیایە، بەڵام ڕاستییەكی دیكەی لەبارەوە بڵاودەكرێتەوە.

 

بەگوێرەى گرتە ڤیدیۆییەك كچێك کە لە بیستەکانى تەمەنیدایە دەردەكەوێت و ماسكێكی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆناى پۆشیوە و لەبەردەم پزیشكێکدا ڕاوەستاوە لەناو نەخۆشخانەدا و پزیشكەكەش هەوڵ دەدات بەڤاكسینەكە بیکوتێت.

 

هەواڵەكە كە لەبەشە ئینگلیزییەكەی ڕوسیا تودەی لەڕۆژی 20ی مانگی  تەمموزی ڕابردوو بڵاوكراوەتەوە، ڕونترین ڕاستی ئەو كچەی پیشانداوە كە لەڤیدیۆكەدا دەركەوتووە كە كچی ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆكی ڕووسیا نیە کە ڕایگەیاندبوو ڤاكسینەكەی وەرگرتووە.

 

بەگوێرەى ئاژانستی سپۆتینگی ڕوسی، هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی یاخود هیچ كەناڵێكی میدیای ڕوسی، ئەوەی دڵنیا نەكردووەتەوە ئەو كچە، كچی سەرۆكی ڕوسیا بێت.

 

هاوکات كەناڵی عەرەبیە بڵاوى کردەوە، ڕاستی ئەو كچە ئەوەیە یەكێكە لە خۆبەخشەكان بۆ تاقیكردنەوەی ڤاكسینە ڕوسیەكە، كاتێك كە دەردەكەوێت لەقۆناغی تاقیكردنەوەدا لەنەخۆشخانەی بۆردینگۆی سەربازی لەمۆسكۆ ڤاكسینەكە وەردەگرێت.

 

ئەو كچەی كە لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا دەردەكەوێت لەتاقیكردنەوەی ڤاكسینەكەدا ناوی (ناتالیایە) و بەختەوەری خۆی بەو تاقیكردنەوەیە دەردەبڕێت و جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكات ببێتە پزیشكی مێشك و دەمار.