گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چى لە بنکەى بەلەدى عێراقى روودەدات؟ 

2020.08.13 - 15:17
چى لە بنکەى بەلەدى عێراقى روودەدات؟ 

ناس کورد- 

بەرپرسانی عێراقی و خانەنشینە ئەمریكیەكان دەڵێن، لەئێستادا فڕۆكە ئێف 16-ەكانی عێراق ناتوانن وەك پێویست كاروبارە پێویستەكانی شەڕ بەڕێ بكەن و بەهۆی كشانەوەی دوو كۆمپانیای ئەمریكی تایبەت بە ڕێكخستنى كاروبارە لۆجستی و تەكنیكیەكانی ئەو جۆرە فڕۆكەیە لەبنكەی بەلەد، پشێوی و بێسەرووبەری بڵاوبووەتەوە.

 

ماڵپەڕی (iraq oil report) ڕاپۆرتێكی دوور و درێژی لەسەر ڕوداوەكانی بنكە سەربازییەكانی باكوری شاری بەغدا بڵاوكردوەتەوە و تیایدا چاوپێكەوتنى لەگەڵ 12 بەرپرسی عێراقی و خانەنشینی ئەمریكیدا كردووە كە داوایان كردووە ناوەكانیان ئاشكرا نەكرێت.

 

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەرنامەكانی عێراق بۆ فڕۆكەی ئێف 16 كە لەماوەكانی پێشوودا نیشانەی هاوبەشی نێوان ئەمریكا و عێراق بوو لەئێستادا پشێوی و بێسەرووبەری ڕویتێكردووە بەشێوەیەك فڕۆكەوانەكان ناتوانن وەك پێویست بەئەركەكانیان هەستن لەدژی چەكدارانی داعش.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دابەزینی توانا سەربازییەكان بووەتە هۆی تێكچوونی پەیوەندیە ئەمنییە فراوانەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن و بەرپابوونی گەندەڵیەكی بەربڵاو لەعێراقدا.

هەر بەگوێرەى ڕاپۆرتەكە ئەو دۆخە پرسیارگەلێکى زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لەبارەی سروشتی پەیوەندییەكانی هێزە ئاسمانیەكانی عێراق و كۆمپانیای سالی پۆرت كە بەرپرسە لەدابینكردنی خۆراك و ئامادەكردنی شوێنی نوستن و وزە و پێداویستیەكانی دیكە بۆ بنكەی ئاسمانی بەلەد.

 

كۆمپانیای (سالی پۆرت گلۆباڵ)ی ئەمنیی كە بارەگاكەی لەویلایەتی ڤیرجینیایە، هەستاوە بەدابینكردنی پێداویستیەكانی بواری ئاسایش بۆ فڕۆكەی ئێف 16ی ئەمریكیی كە پێكهاتووە لە 34 فڕۆكە لەبنكەی ئاسمانی بەلەد و بەڵێندەرەكانی كۆمپانیای لۆكهید مارتن پاڵپشتی تەكنیكی و كاری چاككاری فڕۆكەكانیان گرتووەتە ئەستۆ.

 

لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەمەوە بەهۆی بۆردومانە موشەكییەكانی میلیشیاكانی سەر بەئێرانەوە لەتۆڵەی كوژرانی قاسم سولەیمانیدا كارمەندانی ئەو كۆمپانیایە لە بنكەی بەلەد كشانەوە.



پێشتر بەرپرسانی ئەمنیی عێراق ڕایانگەیاند، زیاتر لە 90%ى ڕاوێژكارە ئەمریكیەكان و كارمەندانی كۆمپانیاكانی لۆكهید و سالی پۆرت لەبنكەی سەربازی تاجی و هەولێر كشاونەتەوە.

 

لەكۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە، بنكە سەربازییە عێراقییەكان كراونەتە ئامانجی بۆردومانە موشەكییەكان و دەیان موشەك بەر ئەو بنكانە كەوتوون كە لەیەكێكیاندا بووە هۆی كوژرانی خانەنشینێكی ئەمریكی.



لەو كاتەشەوە تا ئێستا بۆردومانە موشەكییەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەعێراقدا بەشێوەی نیچمە ڕۆژانە بەردەوامە بەتایبەت بۆ سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا.