گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سپۆتنیک ملی زانست و ئاکار لە زانستدا بادەدات

2020.08.13 - 14:44
 سپۆتنیک  ملی زانست و ئاکار لە زانستدا بادەدات

بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م. نوری

هەواڵی تۆمارکردنی ڤاکسینێک بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لەلایەن سەرۆکی رووسیاوە، جیهانی سەرسام کرد. ئەگەر ئەو راگەیاندنە راست بێت و دەستگا تەندروستی و زانستییەکانی جیهان پشت راستی بکەنەوە، ئەوا ئەمە یەکەمین جار دەبێت لە مێژووی ڤاکسیندا لە جیهان کە، ڤاکسینێکی تایبەت بە ڤایرۆسێکی نوێ لە ماوەیەکی وەها کورتدا بدۆزرێتەوە و کاریگەریی بسەلمێنرێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە روسیا بڕیاریدا ڤاکسینەکە ناو بنێت "سپۆتنیک".

 

ئەوانەی لە سەردەمی پێشبڕکێی کولتووری و ئابووری و زانستیی دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە نێوان  یەکێتیی سۆڤێتی ئەوسا (کە رووسیا گەورەترین ئەندامی ئەو یەکێتییە بوو) و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژیاندا بوون، دەزانن کە ناوی سپۆتنیک تایبەتمەندییەکی گەورەی هەیە لە چوارچێوەی ئەو پێشبڕکێیەدا. ئەوە ناوی یەکەمین تەنی دەستکردی ئینسانە کە لە ساڵی ١٩٥٧ دا یەکێتی سۆڤێت توانیی بیگەیەنێتە بۆشایی ئاسمان و بە دەوری گۆی زەویدا بیخولێنێتەوە. واتە یەکەمین مانگی دەستکردە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناردنی سپۆتنیک بۆ بۆشایی ئاسمان بووە مایەی واق وڕمانی زانایانی جیهان، بە تایبەتی لە ئەمریکا و سەرەتایەک بوو بۆ کۆمەڵێک دەستپێشخەریی سۆڤێت لە بواری گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان، کە ناردنی یەکەمین بوونەوەری زیندوو و یەکەمین ئینسان بۆ مەداری دەوری گۆی زەوی و یەکەمین پیاسە لە بۆشایی ئاسماندا سەردێڕەکانی بوون.

 

ناونانی ئەم ڤاکسینەش بە سپۆتنیک (واتە هاوەڵ یان هاوڕێ بە رووسی) لەلایەن پۆتینەوە لە لایەکەوە گەڕانەوەیەکی نۆستاڵجییە بۆ ئەو زەمانەی کە روسیا سەرقافڵەی پێشکەوتنی زانستی بوو لە جیهاندا و لە لایەکی دیکەشەوە نامەیەکە بۆ ناوخۆی وڵات و جیهانیش کە روسیا لەسەر دەستی پوتین دەتوانێت دەستکەوتەکانی یەکێتی سۆڤێت زیندوو بکاتەوە، لە وڵاتێکدا کە ئەمڕۆ بەیەکێک لە زەقترین نموونەکانی ئۆلیگارکی (حوکمی پۆڵایینی کەمینە) و تەنانەت کلیپتۆکراسی (حوکمی دز) دادەنرێت. بە مانایەکی دیکە هەوڵێکە بۆ ئارایشتکردنی سیستەمێکی سیاسیی گەندەڵ و زامنکردنی مانەوەی لەسەر کار لەو وڵاتەدا.

 

پێشکەوتنی کەڵەکەبووی زانستەکان توانایەکی بێهاوتای خستۆتە بەردەست گەورە زانایانی جیهان کە بەپێی ئاستی پێشکەوتنی زانستی، ماوەی بەدەستهێنانی کاندیدی ڤاکسینێکی کارای زۆر کورت کردۆتەوە. لە گەلێک لە تاقیگە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهاندا چەندین کاندید بەرهەم هێنزاون، بەڵام بۆ ئەوەی ڤاکسینێک قۆناغی کاندیدبوونی بە سەرکەوتووانە تێپەڕێنێت، کۆمەڵێک رێوشوێن هەن چ لە رووی زانستییەوە و چ لە رووی ئاکاری زانستەوە دەبێت بە جۆرێک پەیڕەو بکرێن کە کۆمەڵگای زانستیی جیهان، بەدەر لە هەست و خواستی حکوومەتەکان یاخود کۆمپانیاکان پەسەندی بکەن.

 

پاش تاقیکردنەوەی هەر ڤاکسینێک لەسەر ئاژەڵ و گەیشتن بەوەی کە ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی سەلمێنراو دەتوانێت ئەو جۆرە کاردانەوەیە لە سیستەمی مەناعەی ئاژەڵەکاندا دروست بکات کە پێویستە بۆ لەناوبردنی ئەو ڤایرۆسە تازەیە بە تایبەتی. واتە سیستەمی مەناعە چالاک بکات لە بەرامبەر تەنها ئەم ڤایرۆسە، نەک بە گشتی. پاش ئەم قۆناغە سێ قۆناغی دیکەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ دەستپێدەکات کە هەر یەکە پێویستی بە کاتی دیاریکراوی خۆیەتی و چاودێری کردنی کاری ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ مەودای کاتی خۆی دەوێت و بە تەکنۆلۆژیا ناتوانرێت بە شێوەیەکی بەرچاو کورت بکرێتەوە.

 

قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەکان لەسەر ئینسان بە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکی خۆبەخشی گەنجی تەندروست باش دەکرێت، تا بزانن ئایا ڤاکسینەکە وەک چۆن لە ئاژەڵدا کاری کرد، هەمان کار لە مرۆڤدا دووبارە دەکاتەوە بێ ئەوەی زیانی چاوەڕواننەکراو بە مرۆڤ بگەیەنێت؟ ئەم قۆناغەش کاتێکی ئەوتۆی دەوێت کە بە تەواوی لە میکانیزمى کاری کاندیدی ڤاکسینەکە لە لەشی مرۆڤدا یەکلا بێتەوە. قۆناغی دووەم فراوانکردنی گرووپی خۆبەخشەکانە بۆ پۆلێن کردنیان بەپێی تەمەن و جێندەر و ...تاد. ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی دۆزی راستی ڤاکسینەکە کە کاریگەر بێت لە هەر گرووپێکدا و چاودێری کردنی هەر گرووپە بۆ دۆزینەوەی مەترسییەکانی بەکارهێنانی لەسەر هەر گرووپە. بێگومان ئەمەش کاتی پێویستی خۆیی دەوێت بۆ گەیشتن بە دڵنیایی زانستی و رێگەدان بۆ قۆناغی سێیەم.

قۆناغی سێیەم بریتییە لە بە ستاندەردکردنی بەرهەمهێنان و دۆزی بەکارهێنان بۆ هەر گروپێک و دوا تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەیە لەسەر گەورەترین ژمارە لە خەڵکی خۆبەخش کە بتوانرێت بکرێن بە دوو بەشەوە، بە مەرجێک نە خۆبەخشەکان نە زاناکان کەسیان نەزانن کێ بەر کام گرووپ کەوتووە. گرووپی یەکەم ئەوانە دەبن کە کاندیدی ڤاکسینەکە وەردەگرن و گرووپی دووەم ڤاکسینی ساختە (واتە چ خۆبەخشەکە و چ زاناکان نازانن ئەو دەرزییەی وەریگرتووە ساختە بووە یان کاندیدی ڤاکسینەکە). پاشان داوا دەکرێت لەو دەیان، یان سەدان هەزار خۆبەخشە کە ژیانی ئاسایی بژین و خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە نەکەن، لە پاشان لەرێی چاودێریکردنی تەندروستیی خۆبەخشەکان دەزانرێت چەند لەوانەی  کە سەرەڕای ئەوەی کاندیدی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، تووش بوون و، بەراورد دەکرێن بە رادەی تووشبوون لە نێو گرووپی ڤاکسینە ساختەکەدا. لە رێی ئەمەوە دەتوانرێت بسەلمێنرێت کە لە رووی زانستی ئامارەوە ڤاکسین وەرگرتن بە ئاستێکی قەبووڵکراو و سەلمێنراو لە ڤاکسین وەرنەگرتن باشترە. ئەوسا لە رێی ئاشکراکردن هەموو پرۆسەی تاقیکردنەوەکان، کۆمەڵگای زانایانی تەندروستیی جیهان ڤاکسینەکە، بەو رێژە کاریگەرییەی سەلماوە، پەسەند دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە دەزگا زانستییەکانی جیهان پێشبینی ئەوە دەکەن کە لە چاکترین حاڵەتدا پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەو پرۆسەیە تەواو نابێت.

 

بۆیە مایەی سەرسوڕمانی جیهان بوو کە سەرەڕای بڵاونەکردەوەی هیچ زانیارییەک دەربارەی ڤاکسینی سپۆتنیک و، سەرەڕای ئەوەی هێشتا قۆناغی سێی تاقیکردنەوەکانی دەستپێنەکراوە، سەرۆکی روسیا بڕیاری دا کە ڤاکسینەکە پەسەندە. بۆ سەلماندنی کارایی ڤاکسینەکەش ئەو زانیارییەی درکاند کە یەککێک لە دوو کچەکەی وەک خۆبەخشێک بەشداریی کردووە لە تاقیکردنەوەاندا و هەندێک نیشانەی سووکی ئەنفلوەنزا بەولاوە هیچ زیانێکی هەست پێنەکردووە. بێگومان لە رووی زانستییەوە ئەو خەبەرەی کچەکەی هیچ بەهایەکی ئەوتۆی نییە. بانگەشە کردن و ناونووسکردنی ڤاکسینێک بێ تێپەڕبوون بە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکاندا، مل بادانی زانست و ئاکاری زانستی بەولاوە هیچی دیکە نییە. لە ناوەڕۆکیشدا لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپی ئەمریکا دەچێت کە بۆ سەلماندنی بیروڕا هەڵەکانی دەربارەی دەرمانی هایدرۆکسی کلۆرەکوین و کارایی لە چاککردنەوەی تووشبوانی پەتای کۆرۆنا، رایگەیاند کە ئەو خۆی کۆرسێکی ئەو دەرمانەی وەرگرتووە، وەک ئەوەی ئەوە هیچ مانایەکی زانستیی هەبێت.

 

دەبێت بڵێین کە ئەمەی سەرەوە بە هیچ شیوەیەک ئەوە ناگەیەنێت کە هەروا کۆمەڵگای زانستی پزیشکیی جیهان کارایی سپۆتنیک رەت دەکاتە، بەڵکو تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە ستانداردە زانستییەکان و ئاکارەکانی زانست رێنادەن لە ئێستادا، بە بێ تەواو بوونی قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکان ئەو ڤاکسینەی رووسیا پەسەند بکەن. 

 

پوتین سپۆتنیکی هەیە، بەڵام هێشتا بەبەر چاوی جیهانەوە نەیگەیاندۆتە بۆشایی ئاسمان و تا ئەو کاتەش لە پرۆژەیەکی بوێر بەولاوە چی دیی نییە.