گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مسمارى: تورکیا بەپاڵپشتی قەتەر تیرۆریستان لەئەفریقیاوە بۆ لیبیا دەگوێزێتەوە 

2020.08.13 - 14:23
مسمارى: تورکیا بەپاڵپشتی قەتەر تیرۆریستان لەئەفریقیاوە بۆ لیبیا دەگوێزێتەوە 

ناس کورد- 

وتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا ئاشكرای کرد، سەرۆكی توركیا بەپاڵپشتی قەتەر لە ڕەوانەكردنی تیرۆریستان لەچەند ناوچەیەكی ئەفریقاوە بەرەو لیبیا بەردەوامە، دەشڵێت "ئەردۆگان بەوەشەوە ناوەستێت و ئەو تیرۆریستانە ڕەوانەی ئەوروپاش دەكات".

 

لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ئەحمەد مسمارى وتەبێژی سوپای نیشتیمانی لیبیا ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا بەردەوامە لەهێنانی تیرۆریستانی وڵاتانی دیكە بەرەو لیبیا.

 

جەختیشى کردەوە، هێنانى ئەو تیرۆریستانە بۆ لیبیا دوا  وێستگەی ئەردۆگان نابێت و بەڵكو دواتر ئەو تیرۆریستانە ڕەوانەی ئەوروپا و وڵاتانی تر دەكات.

 

مسمارى ڕونیكردەوە، بەمدواییانە توركیا بە هاوکارى قەتەر كۆمەڵێك چەكداری لە ناوچەیەكی ئەفریقیەوە كە ژمارەیان دەگاتە 300 چەكداری توندوتیژ بەسەرپەرشتی دوو ئەفسەری قەتەری، لەسۆماڵەوە هێناوەتە میسڕاتەی لیبیا.



مسمارى داواشی لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بۆ ڕێگریكردن لەتوركیا بۆ ئەوەی تیرۆریستى زیاتریان بۆ ڕەوانە نەكات لەدژی ئەو كارە بجوڵێن.



هاوكات ڕیچارد نۆرلاند، باڵیۆزى ئەمریكا لەلیبیا ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەئەنكەرە لەسەر ئەو پرسە قسەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو چەكدارانە لەلیبیا بكشێننەوە.

 

ئەو بەرپرسە ئەمریكیە بەپێویستیشی زانی گفتوگۆكان پاڵپشتی خەڵكی لیبیا بكەن كە داوای كۆتایهێنان بەشەڕ و ململانێ و گەڕانەوە بۆ چالاكی سیاسی بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن.