گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەسەر ڕوداوەكەی سیدەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

2020.08.13 - 13:05
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەسەر ڕوداوەكەی سیدەكان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

ناس کورد- 

لەسەر كاردانەوەكانی عێراق بەهۆی ڕوداوەكەی سیدەكانەوە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوای لەعێراق و هەندێ ڕێكخراو كرد دەستهەڵبگرن لەدووڕویى و تۆمەتباركردنی بێبنەماى توركیا. 

 

ئاژانسی هەواڵى ئەنادۆڵی توركیا بڵاوی كردووە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، ئەنكەرە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەكانی خۆی دەگرێتە بەر، ئەوەش لەكاتێكدا عێراق بەردەوام بوو لەفەرامۆشكردنی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لەسەر خاكەكەی.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا، بەرپرسیارێتی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكان لەدژی گەریلاكانی پەكەكە لەناو خاكی عێراقدا بەپلەی یەكەم دەكەوێتە سەر شانی بەغدا.

 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا باسی لەوەش كردووە، گەریلاكانی پەكەكە چەندین ساڵە لەناو خاكی عێراقەوە توركیا دەكەنە ئامانج و بەوتەی ئەو وەزارەتە: چەندین ساڵیشە سەروەرییەكانی خاكی عێراق پێشێل دەكەن.

 

وەزارەتی دەرەوەی توركیا جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە، ئەنكەرە ئامادەی هەیە بۆ هاریكاریكردنی بەغدا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەریلاكانی پەكەكە و لەهەمان كاتیشدا داوا لەعێراق و هەندێ ڕێكخراوی هەرێمایەتی دەكات دەستهەڵبگرن لەدووڕویى و تۆمەتباركردنی بێبنەماى توركیا و هەڵوێستی گرنگتر بنوێنن.

 

راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا لەكاتێكدایە، دوێنێ (چوارشەممە)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی توركیاى لەبەغدا كرد و یاداشتنامەیەكی توندی ڕادەستكرد و بەزمانێكی توندیش ئیدانەی دەستدرێژییەكانی توركیای كرد بۆ سەر ناوچەی سیدەكان و هەر بەو هۆیەشەوە سەردانێكی فەرمیی وەزیری بەرگرى توركیاشی بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە.