گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوسیا؛ یەکەمین گوژمى ڤاكسینى کۆرۆنا لەدوو هەفتەی داهاتوودا پێشكەش دەكرێت

2020.08.13 - 09:30
ڕوسیا؛ یەکەمین گوژمى ڤاكسینى کۆرۆنا لەدوو هەفتەی داهاتوودا پێشكەش دەكرێت

ناس کورد- 

بەرپرسانی ڕوسیا ڕایدەگەیەنن، یەكەم گوژمی ڤاكسینى کۆرۆنا لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پێشكەش دەكرێت و وتەی هەندێ لە شارەزایانی بیانیش لەسەر ناسەلامەتی ڤاكسینەكە و تۆمەتبارکردنى مۆسکۆ بە پەلەکردن لەو کارەدا ڕەتدەكەنەوە و گومانەكانیش بەبێ بنەما دەزانن.

 

ڤاكسینەكە كە ناوی سپۆتینگ ڤی لێنراوە كە یەكەم ناوی مانگی دەستكردە یەكێتی سۆڤیەت ساڵی 1957 ناردییە سەرمانگ دوا قۆناغی تاقیكردنەوەی تەواو نەكردووە و هەندێك لەزاناكان ترسیان لەوە هەیە، لەو كارەدا مۆسكۆ پرسی نەتەوەیى خستبێتە پێش پرسی سەلامەتیەوە.

 

دوای وتەكانی پۆتن لەبارەی ڕەزامەندی لەسەر ڤاكسینەكە، میخائیل مۆراشكۆ وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەش ئاماژەى بەوە کرد، وادیارە هاوپیشە بیانیەكانیان هەست بە خەسڵەتی كێبڕكێی ئەو چارەسەرە ڕووسیە بكەن و هەوڵی ئەوە دەدەن قسەگەلێك بكەن كە وای دەبینن هیچ بنەمایەكیان نیە.

 

هەندێک لە هاووڵاتیانى مۆسكۆش كە قسەیان لەسەر دۆخەكە كردووە ترسی خۆیان لەو ڤاكسینە دەربڕیوە تا ئەو ڕادەیەی نەتوانن بەكاری بهێنن، هەندێكی دیكە لەگەڵ بۆچوونی حكومەتەكەیاندان و پێیانوایە دروستكردنی ئەو گومانە كە هەندێ شارەزایانی بیانی دەیوروژێنن، جۆرێکە لە ئیرەیى بردن بە مۆسکۆ.

 

هەندێكی دیكەش دەڵێن، لەوە تێدەگەن كە بۆچی ڕووسیا پەلە لەبەدەستخستنی ڤاكسینە نۆێیەكە دەكات بەڵام راى تەواوەتیان نەداوە لەسەر ئەوەى کە بەکارى دەهێنن یان نا.

 

بەرپرسانی ڕووسیاش دەڵێن، ئەو ڤاكسینە كە پەیمانگای غمالیا لەمۆسكۆ پێشیخستووە، دەدرێتە خەڵكانێك لەناویاندا پزیشكەكان لەسەر بنەمای تەواوكردنی تاقیكردنەوەی كۆتایی بەخۆبەخشی لەسەر ڤاكسینەكە و پێدەچێت لەڕووسیادا لەسەر ئاستی گشتگیر لەمانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەكاربهێنرێت.