گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’فشاری دیبلۆماسی یەکێکە لە بژاردەکان’  

 ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق: بۆ پاراستنى سەروەرى وڵات هەموو رێگایەک دەگرینە بەر

2020.08.12 - 22:35
 ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق: بۆ پاراستنى سەروەرى وڵات هەموو رێگایەک دەگرینە بەر

ناس کورد-

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی تورکیاى بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەرلە پێناو پاراستنی سەروەری خاکی وڵات و سەلامەتی هاووڵاتیانی عێراق.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ی ئابی 2020) ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنەکە بەڕێوەچووە و تیایدا ژمارەیەک ئەجندا خرانە ڕوو و گفتوگۆیان لەسەر کرا".

 

لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە و شەهیدکردنی فەرماندە سەربازییەکان پێشێلکارییەکی حاشاهەڵنەگرە بەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان وهەڕەشەیەکی گەورەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە".

 

ئەوەش هاتووە، "عێراق هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و  سەلامەتی هاووڵاتیانی، فشاری دیبلۆماسیش یەکێکە لە بژاردەکان ".

 

ئاماژە بەوەشکراوە،"وەک کاردانەوەیەک لەسەرهێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا دوێنێ (سێشەممە) بۆ سەر کاروانێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە ناوچە سیدەکان، حکومەت بڕیاریدا سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندێکی تورکی دیکە بۆ عێراق هەڵوەشێنێتەوە".

 

ڕاگەیاندراوەکە جەختیلەوەشکردوەتەوە، "حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک پابەندی پێوەرەکانی دراوسێ دۆستیە و دژ بە دەستوەردانە لەکاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بەهێچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکەکەی ببێت بە ڕێڕەوێک بۆ سەرهێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا".

 

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ  دۆخی ئەمنیی سەرتاپای عێراق کردووە وداواشی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە ئاسایشی خۆپیشاندانەکان و خۆپیشاندەران بپارێزن و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و مافی گردبوونەوە پێشێل نەکەن".

 

دوێنێ (سێشەممە) لە ناوچەی بێرمێ دینداران ناحیەی سیدەكان، لەلایەن فرۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیاوە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق كرایە ئامانج، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە، عەمید زوبێر حالی، فەرماندەی هێزی سێی پاسەوانی سنور و محەمەد ڕەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنور لە دەڤەری سۆران لەو بۆردومانەدا شەهیدبوون.