گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق؛ داواى گرتنەبەرى رێوشوێنى يەكلاكەرەوە بەرامبەر توركيا دەكرێت

2020.08.12 - 21:23
عێراق؛ داواى گرتنەبەرى رێوشوێنى يەكلاكەرەوە بەرامبەر توركيا دەكرێت

ناس کورد- 

ليژنەى پەيوەنديەكانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق داوا دەكات كە ڕێوشوێنى يەكلاكەرەوە دژى توركيا بگيرێتە بەر، ئەوەش بەهۆى بەردەوامى دەستدرێژيەكانيەوە بۆ سەر خاكى عێراق.

 

ليژنەى پەيوەنديیەكانى دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا بڵاويكردەوە، ليژنەكە جارێكى تر سەرکۆنەى بۆردومانى توركيا دەكات كە ماوەى چەندين ساڵە نەوەستاوە و كۆتا بۆردومانيش لە ناوچەى سيدەكان بوو كە بووە هۆى شەهيدكردنى ژمارەيەك ئەفسەرى پاسەوانى سنورى عێراقى.

 

ڕونيشكراوەتەوە، لەكاتێكدا ستايشى ئيدانەكردنى هێرشەكان دەكەين لەلايەن حكومەت و وەزارەتى ناوخۆوە جەخت دەكەينەوە كە پێويستە رێوشوێنى يەكلاكەرەوە بۆ پاراستنى سەروەرى خاكى عێراق و كەرامەتى بگيردرێتە بەر، لەوانەش تۆماركردنى سكاڵاى فەرمى لە ئەنجومەنى ئاسايشى نێودەوڵەتى.

 

لە چەند ڕۆژى ڕابردودا فڕۆكەكانى توركيا ئۆتۆمبێلێكى پاسەوانى سنورى عێراقيان بۆردومانكرد كە بووە هۆى كوژرانى چەند كەسێك و دوان لەوانەش ئەفسەرى پلە بەرز بوون لە هێزەكانى پاسەوانى سنورى عێراق.

 

هێرشەكەى توركياش لەلايەن سەرۆكايەتى كۆمار و پەرلەمان و وەزارەتى ناوخۆى حكومەتى عێراق و چەندين حزب و لايەن و فراكسيۆن و پەرلەمانتارەوە سەرکۆنە كراو و زۆرينەيان داواى گرتنەبەرى ڕێوشوێنى جدى و يەكلاكەرەوە دژى دەستدرێژيەكانى ئەو وڵاتە دەكەن.