گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەى مووچە دابەش دەکرێت؟

حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى دابەشکردنى مووچە بڵاوکردەوە 

2020.08.12 - 19:34
حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى دابەشکردنى مووچە بڵاوکردەوە 

ناس کورد- 

حكومەتى هەرێمى كوردستان بڕیاریدا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە بڕیار لە میکانیزم و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە بدات، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو توانا داراییەی لەبەردەستيايەتى دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت.

 

حكومەتى هەرێمى كوردستان لە ڕاگەيەنراوێكدا ئاماژەى بەوەداوە "ئەنجومەنی وەزیران هەوڵەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەباشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە پێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

 

ئەوەش هاتوە "هەرێم هەموو مەرجەکانی حکومەتی فیدراڵی کە لەچوارچێوەی دەستوردان قبوڵ کردوە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت کە ئەمەش وای کردوە حکومەتی ھەرێم نەتوانێت شایستەی دارایی موچەخۆرانی خۆی خەرج بکات، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێکی نالەبار بۆ موچەخۆرانی ھەرێم دروست بووە ئەوەش سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی".

 

لە ڕاگەيەنراوەكەدا باس لەوەشكراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراق ھەرێم ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق مافی خۆیەتی ئەو بەشە موچەیەی کە بۆی خەرج دەکرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لەنێوان ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق نەکرێ لە خەرجکردنی شایستەی دارایی موچەخۆران کە ئەمەش دەستوری عێراق وەک بنەما جێگیری کردوە.

 

جەختیش كراوەتەوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە توندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حکومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور چارەسەر بکات و ڕێز لە  ماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێم بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات.

 

حكومەتى هەرێم باسى لەوەشكردوە، ئەنجومەنی وەزیران لە ھەمانکاتدا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستوور دوپات دەکاتەوە و شاندی باڵای دانوستانکاریشی ڕاسپارد درێژە بە دانووستانەکان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە ڕێکەوتن بە تایبەتیش کە لە ماوەی ڕابوردوو ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دەستووریەکانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵیە لە بەرامبەردا ماف وشایستەی دارایی ھەرێم ڕانەگرێت، هەروەها داوا لە سەرۆککۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە داکۆکی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێم بکەن. 

 

بەگوێرەى ڕاگەيەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە بڕیار لە میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی موچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لە بەردەستە، هەروەها هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد بەداواداچوون بۆ گرفت و کێشەی دەروازە سنوورییەکان بکەن لە پێناو ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچی و کارێکی نایاسایی کە لەو دەروازانە ئەنجام بدرێت.