گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبەشێک لە شار و شارۆچکەکان خۆپیشاندان ئەنجامدرا

خۆپيشاندەرانى سلێمانى خێمە هەڵدەدەن و بەردەوام دەبن

2020.08.12 - 19:20
خۆپيشاندەرانى سلێمانى خێمە هەڵدەدەن و بەردەوام دەبن

ناس کورد- 

خۆپیشاندان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى كوردستان دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتیان کرد.

 

دوانيوەڕۆى ئەمڕۆ (چوارشەممە) خۆپيشاندان لە چەند شارو و چارۆچكەيەى هەرێمى كوردستان دەستى پێكرد، لاى خۆشيانەوە دەستەى سەرپەرشتيارى خۆپيشاندانەكەى سلێمانى بڕياريانداوە كە دەستبكەن بە هەڵدانى خێمە بۆ بەردەوامى خۆپيشاندانەكەيان.

 

يەكێك لە بەشداربوانى خۆپيشاندانەكەى سلێمانى كە لە پاركى ئازادى ڕێكخرابوو شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو كە لە وتەيەكدا لەناو خۆپيشاندەرانەوە وتى، ئامادەبونی ئێوە لێرە سەلمێنەری ئەوەیە ئێمەش ئیرادەمان ماوە و خەڵکانی زیندومان تێدایە.

 

وتیشى، ئەم میللەتەی سەری شۆڕنەکردوە بۆ دەیان رژێمی پێش ئێستا کە هەبووە سەریش شۆڕ ناکات بۆ ئەم رژێمەی کە ئێستا لە کوردستاندا هەیە.

 

سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ ئاماژەى بەوە کرد، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ لە گشت شارەکاندا نراوە هەنگاوی دەستپێکی شۆڕشێکی مەدەنییە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی، بۆ کۆتایی هێنان بەم زوڵمەی لە کوردستاندا هەیە، ئەمڕۆ رۆژی سەپاندنی ئیرادەی خۆپیشاندەرانە، رۆژی ئەوەیە بەم دەسەڵاتە بڵێین من هەم من مرۆڤم و من داوای کەرامەتی خۆم دەکەم.

لەلايەكى ترەوە ماڵپەڕى ئێن ئاڕ تى بڵاويكردوەتەوە، لەپارێزگاكانى هەولێر و دهۆك هێزە ئەمنيەكان چەندين خۆبەخشى سەربە جوڵانەوەى نەوەى نوێیان دەستگير كردوە.

 

بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا و ڕێكنەكەوتن لەگەڵ حكومەتى عێراق لەسەر مەلەفەكانى نەوت و داهاتى ناوخۆ و دەروازە سنوريەكان كێشە داراييەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان قوڵتر بوونەتەوە و موچەى فەرمانبەرانيشى بۆ دابين ناكرێت و بە دوو مانگ جارێك موچەيەك دەدرێت ئەويش بە لێبڕينەوە.

خۆپيشاندەرێك بە "ناس كورد"ى وت، بارودۆخ زۆر خراپ و خەڵك بێموچەيە و بێدەنگيش واتاى ڕازيبونە بەم چەوسانەوەيە. 

 

یەکێکى تریش وتى ، بە هێمنى داواى خۆمان دەكەين و داوا لە حكومەت دەكەين كە گوێ لە خەڵك بگرێت چونكە هەر ئەو خەڵكەيە ئەوانى هێناوەتە سەر دەسەڵات و دەنگى پێداون.

 

خوێندكارى زانكۆى بەشدار لە خۆپيشاندانەكەش بە ناس كوردى وت، من كە خوێندكارێكى زانكۆم هيچ داهاتويەكم نييە و ئەگەر ئێمە نەيگۆڕين كێ بيگۆڕێت، ئەويش بەشێوەيەكى هێمنانە و بە ئاشتيانە كە كوڕى كەس نەكوژرێت و خوێن نەڕێژرێت.