ناس کورد-
وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێت، ڤاكسینەكەی ڕوسیا دژی كۆرۆنا وەكو پێویست قۆناغی تاقیكردنەوەی نەبڕیووە و دەڵێت، ئامانج لە بەرهەمهێنانی ڤاکسین ئەوە نییە چ وڵاتێک بەردەستی دەخات، بەڵكو گرنگ ئەوەیە چارەسەرێكی سەلامەت بەردەست بخات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یەنس سپان بە ڕادیۆی دۆچلاند فۆنكی ڕاگەیاندووە، کارێکی مەترسیدارە دەستبکرێت بە پێدانی ڤاكسینەكە بە ملیۆنەها كەس و گەر پێشتریش نەگاتە هەزاران خەڵكی دیكە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "بەختەوەرم كە ڤاكسنێكی باش هەبێت بەڵام پشتبەستن بەوەی كە دەیزانین ئەوە كێشەیەكی گەورەیە چونكە ڕوسیەكان هیچیان بەئێمە نەوتووە و ئەو ڤاكسینەكەش بەڕادەیەكی پێویست تاقینەكراوەتەوە."
باسی لەوەش كرد، زۆر گرنگە لەكاتی پەتاكەدا توێژینەوە و تاقیكردنەوەكان بەشێوەیەكی دروست ئەنجامبدرێت و هەروەها بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی متمانەی خەڵكی لەسەر ڤاكسینەكە بەدەستبهێنرێت.
لەبارەی ڤاكسینە ڕووسیەكە كە ناوی سپۆتینگ ڤی هەڵگرتووە، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا ڕاشیگەیاند، كارەكە پەیوەندی بەوە نییە یەكەم ڕێگا چۆن بێت بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ڤاكسینێكی كاریگەر بەدەستبخرێت كاریگەر بێت و بەتاقیكردنەوەدا تێپەڕێت بۆ ئەوەی سەلامەت بێت.
تائێستا ڕێژەی تاقیكردنەوە كلینیكەكان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسین گەیشتووەتە 10% و هەندێ لە زانایانی بوارەكە لەوە دەترسن مۆسكۆ پێش سەلامەتی و پارێزراوی "نەتەوەچێتی" بکات لەو پرسەدا.
بڕیارەكەی ڕوسیا بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینەكە ترس و دڵەڕاوكێ شارەزایانی دروستكردووە، بەدەستنەهێنانی 10% تاقیكردنەوە كلینینكیەكان بۆ ڤاكسینەكە نیگەرانی زۆرتری زاناكانی بەدوای خۆێدا هێناوە.
هاوكات ئاژانسی ئینتەرفاكسی ڕوسیی دەنگۆیەكی لەبارەی وتەیەكی میخائیل مۆراشكۆی، وەزیری تەندروستی ڕوسیای ڕەتكردەوە گوایە وتوویەتی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای ڕوسی سەلامەت نییە، ئەو دەنگۆیەشی بەناڕاست و مەبەستدار وەسفكرد.
ڕۆژی سێشەممە، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا ڕاگەیاند، وڵاتەکەى یەكەمین وڵاتە ڕەزامەندی داوە بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دوای تاقیكردنەوەی بۆماوەی كەمتر لەدوو مانگ لەسەر مرۆڤ.